"تاوەكو كۆتایی بەردەوام دەبم"
مالیكی هەڵوێستی خۆی راگەیاند و دەستوەردانی ئەمریکا رەتدەکاتەوە
964+
فەرهاد حەسەن
نوری مالیكی، کاردانەوەی خۆی لە بەرامبەر رەتکردنەوەکەی سەرۆکی ئەمریکا کە نەبێتەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیاند و دەڵێت، بە توندی دەستوەردانی ئاشکرای ئەمریکا لە کاروباری ناوخۆی عێراق رەتدەکاتەوە.
نوری مالیكی، کاردانەوەی خۆی لە بەرامبەر رەتکردنەوەکەی سەرۆکی ئەمریکا کە نەبێتەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیاند و دەڵێت، بە توندی دەستوەردانی ئاشکرای ئەمریکا لە کاروباری ناوخۆی عێراق رەتدەکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، نوری مالیکی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆڕمی “X” بڵاویكردەوە، “ئێمە بە تەواوی دەستوەردانی ئاشکرای ئەمریکا لە کاروباری ناوخۆی عێراق رەتدەکەینەوە. ئەم کارە بە پێشێلکردنی سەروەری و پێچەوانەی سیستەمی دیموکراتیی عێراق لەدوای ساڵی 2003 دەزانین، هەروەها بە دەستدرێژی بۆ سەر بڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ دیاریکردنی کاندیدەکەی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دایدەنێین”.
مالیکی پابەندبونی خۆی بە بڕیارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دووپاتکردوەتەوە و دەڵێت، “لە سۆنگەی رێزگرتنم لە ئیرادەی نیشتمانی و بڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگی، کە دەستوری عێراق گەرەنتیکردووە، بەردەوام دەبم لە کارکردن تاوەکو دەگەینە ئەنجامی کۆتایی، بە جۆرێک بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراق بەدیبهێنێت”.
مالیكی لە پەیامەكەیدا دەشڵێت، “زمانی گفتوگۆ لەنێوان وڵاتان تاکە بژاردەی سیاسییە بۆ مامەڵەکردن، نەک پەنابردن بۆ زمانی فەرمان و هەڕەشەکردن”.
رەتکردنەوەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا شەوی رابردوو کاتێک لەسەر دووبارە دەستنیشانکردنەوەی نوری مالیکی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەی کرد و وتی “بژاردەیەکی زۆر خراپە ، ئەگەر ئەو كارە بكەن ئەوا ئەمریکا چیتر یارمەتیی عێراق نادات، بەوەش عێراق هیچ چانسێکی بۆ سەرکەوتن، گەشەسەندن یان ئازادی نابێت”.