کۆکردنەوەى کۆمەک بۆ رۆژئاوا
رێنمایی نوێ بۆ گەیاندنی کۆمەک بۆ رۆژئاوا دەردەکات
وەزارەتى ناوخۆ: کەس کەلوپەل و هاوکارى نەباتە سەر سنوور
964+
وریا فەتاح
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، روونکردنەوەیەکی لەبارەی چۆنیەتی کۆکردنەوە و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پڕۆسەی گەیاندنی کۆمەکەکان بە شێوەیەکی “سەلامەت و رێکخراو” لە رووی لۆجستی و ئیدارییەوە دەستیپێکردووە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتەکە کە ئەمڕۆ 26 کانوونی دووەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، دوای ئەوەی لە رێکەوتی 22 کانوونی دووەمی 2026 پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان راسپێردران بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵمەتەکە، بڕێکی زۆر شتومەک و پێداویستی جۆراوجۆر لەلایەن هاونیشتمانیانەوە کۆکراوەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆ داوا لە خێرخوازان دەکات، بەردەوام بن لە پێشکەشکردنی هاوکارییەکانیان، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە بەهیچ شێوەیەک “کەس و لایەنێک کەلوپەل و کۆمەک نەباتە سەر سنوور”، چونکە گەیاندنی هاوکارییەکان پێویستی بە ئامادەکاری و ڕەزامەندی پێشوەختە هەیە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان (JCC) لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، ئەرکی کۆکردنەوە، پۆلێنکردن و گواستنەوەی هاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستانیان لە ئەستۆ گرتووە، بۆیە پێویستە هاوڵاتییان بۆ گەیاندنی کۆمەکەکانیان سەردانی ئەو ناوەندانە بکەن.