"خەریکە لەبازاڕدا نامێنێت"
رۆژئاوا نرخى ئاڵاى بەرز کردووەتەوە
964+
وریا فەتاح
دۆخى رۆژئاواى کوردستان و خۆپیشاندان و پشتگیرییەکان، خواست و نرخى ئاڵاى کوردستانى بەرز کردووەتەوە، فرۆشیارێک دەڵێت:”ئەگەر ئاوابێت، لە بازاڕدا نامێنێت”.
ماوەیە چەند رۆژێکە، لە شارەکانى باشوورى کوردستان، خۆپیشاندان و گردبوونەوەکان بۆ پشتگیرى لە رۆژئاواى کوردستان زیادى کردووە و هاوڵاتیان بە ئاڵاى کوردستانەوە بەشدارى تێدا دەکەن، ئەمەش بووەتە هۆى بەرزبوونەوەى نرخى ئاڵا.
پێشەوا لەتیف، دوکاندارێکى بازاڕى سلێمانییە کە ئاڵاى کوردستان دەفرۆشێت، ئەو بە 964ـى وت،”خواست زیادى کردووە و نرخەکەشى بەرز بووەتەوە، هەرچەندە من نرخم بەرز نەکردووەتەوە، بەڵام نرخەکە لەبازاڕدا زیادى کردووە”.
ئەو دەشڵێت: ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بێت، ئاڵا لە بازاڕدا نامێنێت بەتایبەت لە سلێمانیدا.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح