فوئاد حوسێن (وەزیری دەرەوە):
“عێراق ناتوانێت بە تەنیا دۆسیەی دەستگیرکراوانی داعش وەربگرێت”
964+
فەرهاد حەسەن
فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق جەختیکردەوە کە نابێت عێراق بە تەنیا باری ئەمنی و دارایی پەیوەست بە دۆسیەی دەستگیرکراوانی رێکخراوی داعش هەڵبگرێت و دەڵێت، بەرپرسیارێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیە لە ئەستۆی هەموو ئەو وڵاتانەدایە کە پەیوەندیدارن.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ شەممە لە راگەیەندراویكدا بڵاویكردەوە، فوئاد حسێن پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە کایا کالاس، نوێنەری باڵای کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئەمنی لە یەکێتی ئەوروپا پێگەیشتووە، کە تێیدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و یەکێتی ئەوروپا و ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوکارییە هاوبەشەکان لە بوارە جیاجیاکانی جێی بایەخی هەردوولا کراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە پەیوەندییەکە باس لە پەرەسەندنی بارودۆخی سوریا کراوە، بەتایبەتی ئەو تێگەیشتن و رێککەوتنانەی کە لەم دواییانەدا گەیشتونەتە ئەنجام، جگە لە تاوتوێکردنی هۆکارەکانی ئەو پێکدادانانەی کە هەندێک ناوچە بەخۆیانەوە بینیویانە، لەژێر سێبەری ئاڵۆزی دیمەنی ئەمنی و سیاسی لەو وڵاتەدا.
هەروەها هەردوولا دۆسیەی رێکخراوی داعش و ئەو زیندانانەی لە سوریادا هەن تاوتوێیان کرد، بەتایبەتی دوای هەڵاتنی ژمارەیەک لە ئەندامانی رێکخراوەکە لە هەندێک لەو زیندانانەی کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەرچوون، جگە لە بارودۆخی ئەمنی لە ناوچەی حەسەکەی سوریا، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگی بەردەوامبونی ئاگربەست و چارەسەرکردنی کێشەکان بە رێگەی ئاشتییانە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستی گێڕانی رۆڵێکی کارای ئەوروپا کردەوە لە پاڵپشتیکردنی گفتوگۆکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی سوریا، بە مەبەستی گەیشتن بە رێکەوتنی روون کە سەقامگیری ئەمنی مسۆگەر بکات و رێگری لە گەڕانەوەی گرژییەکان بگرێت.
سەبارەت بە دۆسیەی زیندانیانی رێکخراوی داعش، کایا کالاس سوپاسی حکومەتی عێراقی کرد بۆ قبوڵکردنی سەرەتایی بۆ وەرگرتنەوەیان، لە کاتێکدا فوئاد حسێن جەختیکردەوە کە ئەو بارە ئەمنی و داراییانەی لەم دۆسیەیەوە دروست دەبن عێراق ناتوانێت بە تەنیا هەڵیانبگرێت، و رایگەیاند کە دەبێت بەرپرسیارێتییەکە بە کۆمەڵ بێت و هەموو ئەو وڵاتانە بگرێتەوە کە ئەو دەستگیرکراوانە سەر بەوانن.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، سهباح نوعمان وتهبێژی فهرماندهی گشتی هێزه چهكدارهكانی عێراق رایگهیاند، ئهنجومهنی وهزیران بۆ ئاسایشی نیشتمانی رهزامهندی دهربڕی كه عێراق ئهو تیرۆستانهی رهگهزنامهی عێراقیان ههیه لهگهڵ ئهو تیرۆرستانهی كه رهگهزنامهی وڵاتانی دیكهیان ههیه و پێشتر له زیندانهكانی ژێر دهسهڵاتی ههسهده بوون وهربگرێت.