کۆبوونەوەى سودانى و تۆم باراک
سوپاسى سودانى دەکات
تۆم باراک گەیشتە بەغدا
964+
وریا فەتاح
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، گەیشتە بەغدا و لەلایەن محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازی لێکرا. لە دیدارەکەدا پەیامی سوپاسگوزاریی دۆناڵد ترەمپ گەیەنرایە حکومەتی عێراق.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، سودانی و باراک گفتوگۆیان دەربارەی دۆخی ناوچەکە و گۆڕانکارییەکانی گۆڕەپانی سووریا کردووە. سودانی جەختی لە سێ خاڵ کردووەتەوە:
1. گرنگیی ئاسایشی سووریا بۆ عێراق و ناوچەکە.
2. پێویستیی هاوکاری بۆ چەسپاندنی سەقامگیری.
3. پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا.
تۆم باراک، نێردەی ترەمپ، “دەستخۆشی و رێزی” سەرۆکی ئەمریکای گەیاندە سودانی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عێراق لە بەڕێوەبردنی وڵات و ناوچەکە لەم قۆناغە هەستیارەدا، بەتایبەت لە رووى:
1.رۆڵی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە راوەدوونانی پاشماوەکانی تیرۆر.
2.کرانەوەی عێراق بەڕووی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی و دروستکردنی پەیوەندییە ئابوورییە ئاڵوگۆڕەکان، کە وەک فاکتەرێکی سەقامگیری ناوچەکە ناوی برد.
سودانی ئاماژەی بەوە کرد کە “شەراکەتی بونیادنەر” لە نێوان عێراق و ئەمریکا لە بواری دژەتیرۆر و گەشەپێدانی ئابووریدا بەردەوامە، بە ئامانجی گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام لە ناوچەکەدا.