سلێمانی دەچێتە رۆژئاوای كوردستان
“میللەتەكەمان لە بەردەم جینۆساید و قڕكرداندایە”
964+
دیلان محەمەدجەزا
ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتی دیار و هاوڵاتیانی سلێمانی، خۆیان ئامادە كردووە بۆ ئەوەی بچنە رۆژئاوای كوردستان و بەدەم بانگەوازی كوردانی رۆژئاوا بچن، كە رووبەڕووی هێرش و پەلاماری گرووپە تیرۆریستییەكانی سەر بە حكومەتی سوریا بوونەتەوە.
ئەبوبەكر هەڵەدنی، پەرلەمنتاری پێشوو یەكێكە لەو كەسایەتییانە و جانتای ئامادەكردووە بۆ سەفەر، بە 964یشی وت، “بەدەم بانگەوازی خوشك و براكانمان دەچین لە رۆژئاوا، چونكە میللەتەكەمان لە بەردەم جینۆساید و قڕكرداندایە”.
د. شێركۆ حەمەئەمین، مامۆستای زانكۆ و پەرلەمانتاری پێشوو، ئەویش بە 964ی وت، لەگەڵ كچەكەی بەیەكەوە دەچنە رۆژئاوا و پاڵپشتیی خۆیان بۆ كوردانی ئەوێ دەردەبڕن و هەرچی لە توانایاندابێ دەیكەن.
هاوڵاتییەكی دیكەش بۆ 964 قسەی كرد و دەڵێت، نابێ رێگە بدرێت چیتر گەلی كورد ئەنفال و جینۆساید بكرێ.
وەك 964 تێبینیی كرد، لەو گردبوونەوە و ئامادەكارییەی لە سلێمانی دەكرێت، ژمارەیەك كەسایەتی سیاسی، هونەرمەند و هاوڵاتیی ئاسایی خەریكن بەرەو رۆژئاوای كوردستان بەرێدەكەون.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا