كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر:

چاودێریی بانگەوازەكانی خۆپێشاندان دەكەین

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، چاودێریی بانگەوازەکان دەکەن بۆ ئەنجامدانی خۆپێشاندان لە هەولێر و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی عێراق

كونسوڵخانەكە ئەمڕۆ سێشەممە 20.1.2026 بڵاویكردەوە، نوێنەرایەتی ئەمریکا بەردەوامە لە ئامۆژگاریکردنی هاوڵاتیانی ئەمریکی بۆ چاودێریکردنی میدیا ناوخۆییەکان بۆ زانینی نوێکارییەکان و دوورکەوتنەوە لە ناڕەزایەتی و گردبوونەوەی گەورە.

دەشڵێن، ئەم جۆرە خۆپێشاندانانە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە دەتوانن بە خێرایی پەرە بسێنن و زۆرجار هاتوچۆ و گواستنەوە و خزمەتگوزارییەکانی دیکە پەك دەخەن و هەندێکجاریش توندوتیژی لێدەكەوێتەوە.

هەروەها هۆشداریی ئەوەشیان داوە، راوێژکاری گەشتیاری وەزارەتی دەرەوە بۆ عێراق لە “ئاستی چوارەم (گەشت مەکە)” دەمێنێتەوە بەهۆی تیرۆر، رفاندن، ململانێی چەکداری، نائارامی مەدەنی، توانای سنوورداری كونسوڵخانە بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانی بۆ هاوڵاتیانی ئەمریکی.

كونسوڵخانەی ئەمریكا بۆ هاوڵاتیانی خۆی نووسیوە، بۆ زانیاری زیاتر سەردانی پەیجی زانیاری وڵاتی عێراق بکەن لە travel.state.gov. هەروەها تکایە پێداچوونەوەیەک بکە کە ئەمریکا دەتوانێت چی بکات و ناتوانێت چی بکات بۆ یارمەتیدانی ئێوە لە قەیرانێکدا لە دەرەوەی وڵات.

كونسوڵخانەكە بەبێ ئەوەی هیچ پەیام و وەڵامێكی بۆ خۆپێشاندەرانی كورد هەبێت، تەنیا هۆشداری بە هاوڵاتیانی خۆی لە كوردستان داوە و هیچی تری بەلاوە گرنگ نەبووە.

شەوی رابردوو ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیانی كورد چوونە بەردەم كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر و داوای پشتگیرییان كرد بۆ كوردانی رۆژئاوا، كە لە لایەن گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حكومەتیی كاتیی سوریا هێرشیان كراوەتەسەر.

هاوكات بەپێی زانیارییەكانی 964 ئەمڕۆش دووبارە هاوڵاتیانی كورد هەوڵیان دا بچنەوە بەردەم كونسوڵخانەكە، بەڵام لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی هەولێرەوە رێگاكانی گەیشتن بە كونسوڵخانەكە گیراوە.

لە بەرامبەر کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر خۆپیشاندان...

لە بەرامبەر کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر خۆپیشاندانە