بە لافاوەکە زیانی بەرکەوتبوو

قوتابیانی قوتابخانەکەی تەكیە بۆ تاقیکردنەوەکان میوانی ئامادەیی چوارچران

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

دوای ئەوەی بەهۆی لافاوەكەی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو، بەشێك لە دیواری قوتابخانەی قەندیلی بنەڕەتی لە تەكیە رووخا و ئاو چووە قوتابخانەكەوە، لەئێستادا نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكە تەواو نەبووە و یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەكەش دەڵێت، “بۆ تاقیكردنەوەكان روومان كردووەتە ئامادەیی چوارچرا”.

قوتابخانەكە لە یەك تا شەش پۆلی بنەڕەتی لەخۆ دەگرێت و خاوەنی 480 قوتابییە.

یوسف عەبدوڵا یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەی قەندیلی بنەڕەتی بە 964ـی وت، “نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەكەمان لە قۆناغەكانی كۆتاییدایە و زۆربەی كارەكانی تەواو كراوە، بەڵام تائێستا رادەستمان نەكراوەتەوە و بۆ تاقیكردنەوەكان سوودمان لە ئامادەیی چوارچرا وەرگرتووە”.

وتیشی، لە نۆژەنكردنەوەكەدا جگە لە ئاسەوارەکانی لافاوەكە، سەرجەم كەموكوڕییەكان چارەسەر كراوە و تەنانەت گۆڕەپانی قوتابخانەكەیان بۆ كۆنكرێت كردوون كە پێشتر خۆڵ بووە و گرفتی بۆ قوتابیان دروست كردووە.

وەك باسیشی دەكات، شوێنی تاقیكردنەوە بۆ پۆلەكانی (یەك و دوو و سێ)ـی بنەڕەتی نەبووە و بێبەش دەبن لە تاقیكردنەوە كە ژمارەیان 230 قوتابییە، تەنیا توانیویانە پۆلەكانی (چوار، پێنج و شەش) تاقیكردنەوە ئەنجام بدەن.

بەقسەی یوسف عەبدوڵا، بۆ رێگریکردن لە لافاوی هاوشێوە، لە پشتی قوتابخانەكە و ئەو دیوارەی كە رووخا، شارەوانی تەكیە حەفرێكی سێ كیلۆمەترییان بە قوڵی مەتر و نیوێك بۆ رێڕەوی ئاوی باراناویی ناوچەكە دروست كردووە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری