لە دوو کاتى جیاوازدا
مام حەمەدەمین؛ ئەو کاسبکارەی هەولێر کە نە گەرما دەیناسێت و نە سەرما
964+
عەبدولعەزیز خالند- هەولێر
لەنێو جەرگەی بازاڕی هەولێردا، کاسبکارێک هەیە کە روانگەی بۆ وەرزەکان تەواو جیاوازە لە خەڵکی تر، مام حەمەدەمین، کە تەمەنێکی لە بازاڕدا بەڕێکردووە، نە لە “چڵەی هاوین” دەڵێت گەرمە و نە لە “چلەی زستان”یش دەڵێت ساردە.
کاتێک پەیامنێری 964 لە گەرمای تاقەتپڕوکێنی هاویندا چووە لای، مام حەمەدەمین بە بزەیەکەوە وتی “گەرم نییە”، ئێستاش کە لە زستان دووبارە سەردانی کرایەوە، هەمان وەڵامی دایەوە و وتی “سەرمای نییە”.
مام حەمەدەمین پێی وایە هەموو وەرزێک جوانی و تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەڵام بەراورد بەو کەشوهەوایەی ئەو لە تەمەنی خۆیدا بینیویەتی، ئەوەی ئێستا روودەدات زۆر ئاساییە.
ئەو دەڵێت: “نە زستانی ئەم سەردەمە ئەوەندە ساردە خەڵک نەتوانێت بێتە دەرەوە، نە هاوینەکەشی ئەوەندە گەرمە جوڵە بوەستێنێت.”
نهێنی ئەم خۆڕاگرییەی مام حەمەدەمین بۆ ئەزموونی رابردووی دەگەڕێتەوە، ئەو بە پەرۆشەوە باس لە زستان و هاوینەکانی ساڵانی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی رابردوو دەکات و دەڵێت:لە زستانداشەختە و بەستەڵەک و سەرمایەک هەبووە کە ئێستا وێنەی نەماوە. لە هاویندا گەرمایەک هەبووە کە بە ڕاستی تاقەتپڕوکێن بووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح