هۆشەنگ دەروێش
"ئەمریکا دەیەوێت شەڕی دێرحافر رابگرێت"
نوێنەرى هەسەدە بۆ 964: نەخشەیەکی نوێ بۆ سووریا دەکێشرێت
964+
وریا فەتاح
هۆشەنگ دەروێش، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ 964، تیشک دەخاتە سەر ئاڵۆزییەکانی ئێستای سووریا و رایدەگەیەنێت کە وڵاتەکە بەرەو دابەشبوونێکی رەسمی دەچێت بەپێی ناوچەی نفوزی هێزە نێودەوڵەتییەکان.
بە وتەی هۆشەنگ دەروێش، جوڵەی هێزەکانی ئەمریکا بەرەو ناوچەی “دێرحافر” کارێکی چاوەڕوانکراو بووە، چونکە قۆناغی ئێستا قۆناغی کێشانی نەخشەی فەرمیی ناوچە جیاوازەکانە.
ئاشکراشی کرد کە “دوێنێ هەوڵێکی جدی لە نێوان ئەمریکییەکان و تورکەکان هەبووە لەبارەی دێرحافز؛ ئامانجی ئەمریکا ئەوەیە هێرشەکان رابگرێت و رێگری لە پێکدادانی زیاتر بکات.”
نەخشەی دابەشبوونی سووریا
نوێنەرەکەی قەسەدە دەڵێت سووریا بەم شێوەیەی ئێستا پارچە پارچە بووە:
باشوور: بە تەواوەتی کەوتووەتە ژێر نفوزی ئیسرائیل.
باکور و رۆژهەڵات: لەژێر کۆنتڕۆڵی هاوپەیمانان و هێزەکانی قەسەدەیە.
ناوچەی بادیە: چەکدارانی داعشی تێدایە.
ناوچەی تەنەف و سنووری (عێراق، سووریا، ئوردن): سوپای ئازادی تێدایە کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن، ئامانجیش لێی بڕینی “هیلالی شیعی”یە.
ناوچەی عەلەوییەکان: بەهۆی هەبوونی دوو بنکەی سەربازیی رووسیا، دۆخیان ناجێگیرە.
چارەسەر و پەیوەندی لەگەڵ دیمەشق
هۆشەنگ دەروێش جەخت لەوە دەکاتەوە کە دیدى ئەمریکا ئەوەیە کە پێویستە قەسەدە و حکومەتی سووریا لە دیمەشق بچنە ناو گفتوگۆیەکی جدییەوە، چونکە لە ئێستادا ئەولەویەتی یەکەم راگرتنی شەڕ و ڕرگریی کردنە لە تێکچوونی زیاتری بارودۆخەکە و پاشان گفتوگۆیەکى بنیاتنەرانە لە نێوان دیمەشق و قەسەد.
ئاماژەی بەوەش کرد کە دوای ڕووداوەکانی گەڕەکەکانی (شێخ مەقسود و ئەشرەفییە)، دیارە کە نەخشەیەکی نوێی دابەشکاری لە نێوان ئەمریکا، تورکیا و ئیسرائیل لە ئارادایە.