لە عومرە بووە و یاریی كلاسیكۆی بینی

هاوڵاتییەكی كەركوک لە خەفەتی ریال مەدرید گیانی لەدەست دا

964+
کاروان ساڵحی- کەرکوک

رەشاد فەتحوڵا گەنجێکی کەرکوکی و هاندەرێکی سەرسەختی ریال مەدریدە بوو، بەهۆی شكستی ریال مەدرید لە كلاسیكۆی جامی سوپەر بەرامبەر بارسێلۆنا، خەمی زۆری خواردووە و جەڵتە لێیدا، هەر بەم هۆیەشەوە گیانی لەدەست دا.

رەشاد وەرزشوانێكی پێشووە و ئەندامی دەستەی هاندەرانی ریال مەدریدیش بوو لە کەرکوک، لە زۆربەی یاریەکانی ریال مەدرید، کە لە سعودیە ئەنجام دراوە، ئامادە بووە.

ئەو لە دوایین یاریی كلاسیكۆ لە سعودیە، كە یەكشەممەی رابردوو لە سعودیە كرا، لەوێ بووە و سەفەری عومرەی كردبوو، فرسەتی هەبوو بچێتە یارییەكە، بەڵام بە دۆڕانی ریال مەدرید باری تەندروستی تێكچووە، دواتریش كە دوو رۆژ لەمەوبەر گەڕاوەتەوە كەركوك، دووبارەی تەندروستی تێكچووە و جەڵتەی مێشك لێیداوە و شەوی رابردوو گیانی لەدەست دا.

عیماد برای رەشاد، بە 964ـی وت، براکەم رۆیشتووە بۆ یاریی کلاسیکۆ، سەرەتا چووە بۆ ماڵی خودا و عومرەی بەجێگەیاندووە، بەر لە حەوت مانگیش جەڵتە لێداوە و دەبوو رۆژانە دەرمان و چارەسەرکەی بخوات بەڵام نەیدەخوارد، دوێنی کە گەڕایەوە بۆ کەرکوک بەردەوام دەیوت سەرم ئازاری هەیە، وتمان بڕۆ بخەوە، بەڵام ئەو خەوی لێ نەدەكەوت.

وتیشی، دواتر لەگەڵ خێزانەکەی رۆیشتنەوە ماڵی خۆیان و نیو کاتژمێر دواتر پەیوەندیان پێمەوە کرد و وتیان باری تەندروستی تێکچووە و وەرن بۆ نەخۆشخانە.

“ئەو بەهۆی دۆڕانی ریالەوە خەفەتی زۆر زۆری دەخوارد و مێشکی تەواو نەبوو، ئەو یارییەشی هاتە سەر و ئیتر بەم خەفەتەوە گیانی سپارد، داواكارم گەردەنی ئازاد بكەن، عیمادی برای رەشاد وای وت.

هەروەها محەمەد فاروق ئامۆزای رەشاد بە 964ـی وت، رەشاد لە تەمەنی 15 ساڵییەوە یاریزانی زۆرانبازی بوو لە یانەی سەورە، بەردەوام یەکەمی بەدەستهێناوە، كەسێكی بێوەی بوو، کێشەی بۆ کەس نەبوو و خۆشەویست بوو، بەڵام بەهۆی ئەنجامی یارییەکەی كلاسیكۆ زۆر خەفتی خوار، بۆیەش جەڵتە لێیدا.

رەشاد، خێزاندارە و باوکی دوو کچە، لە کەرکوک دوکانی فرۆشتنی جلوبەرگی هەیە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

بارسێلۆنا كلاسیكۆی بردەوە و جامی سوپەری ئیسپانیای بەد...

بارسێلۆنا كلاسیكۆی بردەوە و جامی سوپەری ئیسپانیای بەدەستهێنا