ئاوەڕۆ و كۆنكرێتكردنی شەقام لە قەزای بنەسڵاوە ئەنجام دەدرێت
كەوتە بواری جێبەجێكردن
ئاوەڕۆ و كۆنكرێتكردنی شەقام لە قەزای بنەسڵاوە ئەنجام دەدرێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لە قەزای بنەسڵاوەی سەر بە هەولێر، پڕۆژەیەكی ئاوەڕۆی لوولەیی و كۆنكرێتكردنی شەقام كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەمەش بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی لافاو و رێگریكردن لە پەنگخواردنەوەی ئاوی زیادەی باران.
راگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە 12.1.2026 بڵاویكردەوە، پڕۆژەكە لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی بنەسڵاوەیە و لە چوارچێوەی بودجەی فریاگوزاریی خێرای بەرەنگاربوونەوەی لافاوە لە پارێزگەی هەولێر، كە بە سەرپەرشتیی تیمەكانی شارەوانی جێبەجێ دەكرێت و ژمارەیەكی زۆری ماڵەكانی سنوورەكە لێی سوودمەند دەبن.
لە بارەی وردەكاریی پڕۆژەكەش، ئاماژە بەوە كراوە، ئاوەڕۆیەكی لوولەیی کۆنکرێتی شیشدارە بە تیرەی 60 سم بە درێژایی 200م و بۆریی پۆلی ئەسیلین تیرەی 40سم بە درێژایی 140م، هەروەها شەش مەنهۆڵ بە پێوانەی (1.2×1.2)م كە بەمەبەستی کەمکردنەوەی مەترسیی لافاو و چارەسەرکردنی گرفتی پەنگخواردنەوەی ئاو دروست دەكرێت، هاوكات پڕۆژەی کۆنکرێتکردنی شەقام لە سنووری شارەوانییەكە جێبەجێ دەكرێت.
پارێزگای هەولێر ئاشكراشی كرد، بەپێی ئامارەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی بنەسڵاوە لە ساڵی رابردوودا (2025) ژمارەیەك پڕۆژەی دیكەی خزمەتگوزاری لە قەزای بنەسڵاوە لەلایەن سەرۆكایەتیی شارەوانیی بنەسڵاوە بە گوژمەی یەك ملیار و 831 ملیۆن دینار جێبەجێ كراون و لیستی پڕۆژەكانیش لە پەیجی فەرمیی پارێزگا بڵاوكراونەتەوە.