خەڵاتی رێزلێنانیش بە مامۆستاکە دەبەخشێت
وەزیری پەروەردە مامۆستا و قوتابییەکی 30 ساڵ لەمەوبەری پێکگەیاندەوە
964+
فەرهاد حەسەن
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم چیرۆکی بەیەکگەیاندنەوەی مامۆستا و قوتابییەکی 30 ساڵ لەمەوبەری بڵاوکردووەتەوە، ،ا،ۆستاکە خەڵکی هەولێر و قوتابییەکەش هی کەرکوکە.
وەزیر لە فەیسبووکەکەی لە ژێر ناوی “چیرۆکی گەورەیی مامۆستایەک و وەفای قوتابیەکەی” بڵاویکردووەتەوە؛
ئەمڕۆ لە رێگەی وەتسئاپەوە خوشکێکی بەڕێز نامەی بۆناردم ، وتی (( ئیشی تۆش نیە بەڵام زۆر دەمێکە دەمەوێت مامۆستایەکم ببینمەوە پاداشتی بدەمەوە، پێش سی 30 ساڵ، لە ساڵی 1996 من لە قوتابخانەی هەڵەبجە قوتابی پۆلی یەکەمی سەرەتایی بووم لە دارەتوو لە (هەولێر)، خۆم کەرکوکیم و ئێستا ماستەری یاسا دەخوێنم ، باوکم شەهید ببوو لەڕاپەڕینەکە، دۆخی داراییمان زۆر خراپ بوو، باران بوو جلوبەرگی پێویستم نەبوو، مامۆستای کوردیمان کە ناوی ست (فەهیمە) بوو لێی پرسیم باوکت ئیشی چیە ؟ پێموت باوکم شەهیدە و دۆخی ژیانمان خراپە بۆیە قەمسەڵە یان چاکەتم نیە لەبەری بکەم، وتی بۆ سبەی ست فەهیمە جلوبەرگ و پێلاوی زۆری بۆ هێنام کە هەرگیز لەیادی ناکەم ، زۆر ئاگای لێمان بوو، من ئێستا گەورەبووم و دۆخی دارایم باشە هەموو ئومێدم ئەوەیە بیبینمەوە و پاداشتی گەورەیی و باشیەکەی بدەمەوە )).
وەزیر نووسیویەتی؛ کە ئەو پەرۆشی و وەفایەم دی بڕیارمدا هەموو هەوڵی بۆ بدەم و ئیشی من نیە بەڵام دەیکەم بەئیشی خۆم، پەیوەندیم کرد بە مامۆستا سابیر بەڕێوەبەری پەروەردەی بنەسڵاوە کە ئەو قوتابخانەیە دەکەوێتە سنووری ئەوان، یەکەمجار وتی، قوتابخانەکە ئەو ئەوەلیاتەی لەبەردەست نیە و مامۆستا نوێیەکان ئەو مامۆستا فەهیمەیە ناناسنەوە، وتم هەوڵی زیاترم بۆ بدە قوتابی ناوی مامۆستاکەی لەیاد ناکات، پاش چەند خولەکێکی دیکە وێنەی مامۆستا فەهیمە و ژمارە تەلەفۆنەکەشی بۆناردم، کە ناردمەوە بۆ قوتابیەکەی 30 ساڵ پێش ئێستا، لە خۆشیدا وتی چاوم پڕ فرمێسک بووە.
ئەمە گەورەیی و میهرەبانی مامۆستایە ، ئەوەش وەفای قوتابیەکە کە هەرچەند کات و ساڵ بەسەریدا تێپەڕ بێت چاکەی بیرناچێتەوە .
ئالان حەمەسەعید دەڵێت “منیش لە وەزارەت بڕیارمدا مامۆستا فەهیمە بانگهێشت بکەم و خەڵاتی رێزلێنانی بۆ بکەم و پێیبڵێم بەو ئاکارەت خۆت قوتابخانەیەک بووی لە باشی و فەزیلەت”.