بیناى ساڵیانەی ئۆتۆمبێل له‌ كۆیه‌ كرایه‌ مۆڵەتی ئەلیكترۆنی

964+

شلێر سەعید – كۆیە

چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، بەردی بناغەی نوێكردنەوەی ساڵیانەی ئۆتۆمبێل لەكۆیە دانرا، بەڵام بینایەكە گۆرا بۆ نوێكردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری بەشێوەی سیستەمی ئەلكترۆنی، هاتوچۆی كۆیەش دەڵێت، شوێنەكە گونجاو نەبوو بۆ ساڵیانە، بۆیە گۆڕیمان.

تۆڕی 964 دەزانێت، لە ناوەراستی 2019 بەردی بناغەی بینایەك بۆ نوێكردنەوەی ساڵیانەی ئۆتۆمبێل لە كۆیە دانرا، بەڵام دوای تەواوبونی كرایە هۆبەی نوێكردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری بە سیستەمی ئەلیكترۆنی.

مفەوەز سەنگەر سەعید، وتەبێژی هاتوچۆی كۆیە بە 964ـی راگەیاند: بینایەی ساڵیانەی ئۆتۆمبیل تەواو بوو، دواتر لیژنەیەك لەوەزارەتی ناوخۆ سەردانیان كردین بۆ ئەوەی رێكارەكان بگرنەبەر، لە كۆتایی بەهۆی ئەوەی ئەو بینایە گونجاو نەبوو، نەكرا بە ساڵیانەی ئۆتۆمبێل.

ناوبراو، هۆكارەكەی بۆ ئه‌وه‌ گەڕاندەوە، كە هۆبەی ساڵیانە شوێنێكی فراوانی پێویستە بۆیە دەبوو بینایەكی دیكەی بۆ دروستبكرێت.

سەبارەت بە گرنگی كردنەوەی ساڵیانە لە كۆیە، سەنگەر سەعید وتیشی “زۆر گرنگ وپێویستە، چونكە جگە لە دانیشتوانی كۆیە لە دەرەوەی كۆیەش خه‌ڵك دەتوانێت لێرە مامەڵەكانی نوێكردنەوە بكات، هاوكات هەلیكار بۆ 30 گەنجیش دەڕەخسێنێت”.

بەپێی زانیارییەكانی 964، مۆڵەتی شۆفێری لەهاتوچۆی كۆیە لە 1-3-2023 كرایەوە، لە ئێستادا هەرهاوڵاتیەك مۆڵەتی پێبدرێت یان مۆڵەت نوێبكاتەوە بە شێوەی سیستەمی نوێ دەبێت و تا ئیستاش نزیكی هەزار شۆفیر خۆی تۆماركردووە لەو سیستەمه‌ نوێیه‌دا.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن