فرانک هۆگەربێتس، زانای بوومەلەرزەزانی هۆڵەندی

“ئەم دوو هەفتەیە پێشبینیی بوومەلەرزەی زۆر بەهێز دەكرێت”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

فرانک هۆگەربێتس، زانای بوومەلەرزەزانی هۆڵەندی هاتەوە مەیدان و هۆشداری دا لە دیاردەیەکی فەلەکی “مەترسیدار” کە بە وتەی خۆی کاریگەری لەسەر توێکڵی زەوی دەبێت و دەبێت هۆی چالاکیی بوومەلەرزەیی بەهێز لە چەند رۆژی داهاتوودا.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی نوێدا کە لە کەناڵی یوتیوبەکەیدا بڵاویکردووەتەوە، هۆگەربێتس ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم دیاردەیە لە 6ی ئەم مانگە دەستپێدەکات، ئەمەش لە ئەنجامی ئەوەی کە بە رێککەوتنێکی دەگمەنی پێنجگۆشەیی وەسفیکردووە و مەریخ و ڤینۆس و خۆر و زەوی و موشتەری تێدایە.

هۆگەربێتس روونیكردووەتەوە، ئەو پێشهاتە تا 11ی مانگ دەخایەنێت و چەند بەیەكگەیشتنێكی هەسارەكان روودەدات، هەروەها بەیەكەوە گرێدان لەگەڵ مانگ هەیە، هەروەها دروستبوونی ئەوەی بە گۆشەی گرنگ وەسفی کرد لە نێوان ژمارەیەک هەسارەدا، لەوانە گۆشەی نزیک لە راست لەگەڵ موشتەری و زوحەل و مەریخ، هەروەها گۆشەی راست لەگەڵ ئۆرانۆس، لەگەڵ بەیەكگەیشتن لەگەڵ زوحەل و نیپتۆن.

جەختیشی لەوە کردەوە، ماوەی 6 تا 9ی مانگ هەستیارترینە و کاریگەرییە فەلەكییەكان تا 11 بەردەوام دەبن، دوو هەفتەی یەکەمی ئەم مانگەشی بە زۆر گرنگ زانی، هەروەها رایگەیاند، ئەگەری هەیە چالاکیی بومەلەرزەیی بەرزتر لە ئاستی ئاساییدا رووبدەن.

زانا هۆڵەندییەكە ئاماژەی بەوەش کرد، لە دوو رۆژی رابردوودا سێ بوومەلەرزە بە گوڕی شەش پلە بە پێوەری رێختەر تۆمارکراون، بۆیە داوای وریایی زۆر دەکات لە نیوەی یەکەمی ئەم مانگەدا.

سەرەڕای ئەو رەخنە بەرفراوانەی رووبەڕووی دەبێتەوە، هۆگەربێتس بەردەوامە لە پابەندبوون بەو تیۆرییەی کە جوڵەی هەسارەکان بە چالاکییە بوومەلەرزەییەکان لەسەر زەوی دەبەستێتەوە، تیۆرێک کە ناوی دەنێت “ئەندازەی هەسارەکان”.

لە بەرامبەردا زانایانی جیۆلۆجی بە یەکجاری ئەم بانگەشانەی رەتدەکەنەوە و جەخت لەوە دەکەنەوە کە بنەمای زانستییان نییە و هیچ پەیوەندییەکی سەلمێنراو لە نێوان جووڵەی هەسارەکان و بوومەلەرزەدا نییە و پەیوەندییەکی لەو شێوەیە لە رووی زانستییەوە بە مەحاڵ دەزانن.

هۆگەربێتس سەرۆکی رێکخراوێکی توێژینەوەیە کە چاودێری ئەو ئەندازەییە دەکات کە لە ئەنجامی جووڵەی تەنە ئاسمانییەکان و پەیوەندییەکەی بە چالاکیی بوومەلەرزەزانییەوە دروست دەبێت.

ناوی بوومەلەرزەزانە هۆڵەندییەكە، دوای ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی لە شوباتی 2023 لە تورکیا روویدا، بە شێوەیەکی بەرفراوان ناسرا، کاتێک بانگەشەی ئەوەی کرد کە چەند رۆژێک پێش روودانی کارەساتەکە، پێشبینی روودانی کردبوو، ئەمەش بووە هۆی ناوبانگێكی زۆر بۆ ئەو شارەزایە  و مشتومڕێکی زۆریشی بەدوای پێشبینییەکانیدا هێنا.

لە دوێنێوە 935 بوومەلەرزە لە مەكسیكی داوە

لە دوێنێوە 935 بوومەلەرزە لە مەكسیكی داوە