تەقینەوەکانى ئەم بەرەبەیانییەى کاراکاس
"ئەمریکا هێرشی سەربازی کردە سەر ڤەنزوێلا"
جەنگەکە دەستى پێکرد؛ مادورۆ باری نائاسایی رادەگەیەنێت
964+
وریا فەتاح
حکومەتی ڤەنزوێلا بە فەرمی رایگەیاند کە کەوتوونەتە ژێر “هێرشێکی سەربازیی راستەوخۆ” لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، بەو هۆیەشەوە نیکۆلاس مادورۆ باری نائاسایی لە سەرتاسەری وڵات راگەیاند.
بەپێی بەیاننامە فەرمییەکەی حکومەتی ڤەنزوێلا کە ئەمڕۆ شەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2026 بڵاوکرایەوە؛ هێزەکانی ئەمریکا خاکی ڤەنزوێلا و دانیشتووانی ناوچەکانی (کاراکاسی پایتەخت، میراندا، ئاراگوا و لا گوایرا)یان کردووەتە ئامانج.
گرنگترین خاڵەکانی بەیاننامەکەی نیکۆلاس مادورۆ:
باری نائاسایی: مادورۆ مەرسومی “باری تێکچوونی دەرەکی” واژۆ کرد، کە بەرزترین ئاستی باری نائاساییە و سوپا دەخاتە حاڵەتی بەرگریی نیشتمانییەوە.
ئامانجی هێرشەکە: ڤەنزوێلا دەڵێت ئەمریکا دەیەوێت دەست بەسەر سەرچاوە ستراتیژییەکانی وڵاتدا بگرێت، بەتایبەت “نەوت و کانزاکان” و دەیەوێت سەربەخۆیی سیاسیی ڤەنزوێلا تێکبشکێنێت.
جوڵەی سوپا: فەرمان دراوە بە بڵاوەپێکردنی دەستبەجێی هێزە چەکدارەکان (FANB) بۆ پاراستنی سەروەریی وڵات.
پەیام بۆ گەل: حکومەت داوای “راپەڕینی جەماوەری” دەکات لەژێر دروشمی (گەل بۆ شەقام) بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێرشە.
سەرچاوە نێودەوڵەتییەکان: ڤەنزوێلا پەنا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبات و جەخت لە مافی خۆی دەکاتەوە بۆ “بەرگریی ڕەوا” بەپێی ماددەی 51ی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان.
میدیاى ئەمریکى چى دەڵێن؟
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، دۆناڵد ترەمپ فەرمانی هێرشکردنە سەر چەند ئامانجێکی لە ناو خاکی ڤەنزوێلا دەرکردووە و بەرەبەیانی ئەمڕۆش دەنگی چەندین تەقینەوەی گەورە لە کاراکاسی پایتەخت بیستراوە.
بەپێی میدیا ئەمریکییەکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانی داوە هێزەکانیان هێرش بکەنە سەر چەندین پێگەی ستراتیژی لە ناو ڤەنزوێلا، کە “دامەزراوە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە” لە نێویاندایە.
گرنگترین زانیارییەکان لەبارەى ئەوەى ئەم بەرەبەیانییە لە کاراکاس چى روویدا:
تەقینەوەکان: لانی کەم 7 تەقینەوەی گەورە لە ناوچە جیاوازەکانی “کاراکاس”ی پایتەخت بیستراون.
فڕۆکە جەنگییەکان: هاوکات لەگەڵ تەقینەوەکان، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بە چڕی و لە نزماییەکی کەمەوە بەسەر ئاسمانی پایتەختی ڤەنزوێلادا دەسوڕێنەوە.
هۆکاری هێرشەکە: ئەمریکا دەڵێت ئەمە بەشێکە لە ئۆپەراسیۆنی “Southern Spear” بۆ لێدانی تۆرەکانی قاچاخی ماددەی هۆشبەر، بەڵام ڤەنزوێلا هێرشەکە بە “دەستدرێژیی سەربازی” بۆ سەر سەروەریی وڵاتەکەی و هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی نەوت و کانزاکان ناودەبات.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە دوای مانگێک دێت لە هەڕەشە بەردەوامەکانی ترەمپ و ناردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری “جێرالد فۆرد” بۆ دەریای کاریبی، کە ئێستا ناوچەکەی بەرەو جەنگێکی کراوە بردووە.