فڕۆكە بەسەر شارەكەدا دەسووڕێنەوە
هێرش كرایەسەر ڤەنزوێلا و چەند تەقینەوەیەک کاراكاسیان هەژاند
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
راپۆرتە میدیاییەکان و گرتە ڤیدیۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چەند تەقینەوەیەكی بەهێز بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە کاراکاسی پایتەختی ڤەنزوێللایان هەژاند.
ئاژانسی فرانس پرێس هەواڵی بیستنی تەقینەوەیەکی بەهێزی لە کاراکاس بڵاوکردەوە، هەندێک لە ئەکاونتەکانی پلاتفۆرمی ئێکس گرتەیەکی ڤیدیۆیییان بڵاوکردەوە کە تەقینەوەکانی پایتەختی ڤەنزوێلایان تێدایە.
هەروەها ئاژانسی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە شایەتحاڵەکان رایگەیاندووە، کە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 3.1.2026دا دەنگی تەقینەوەیەکی بەرز لە شاری کاراکاس بیستراوە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بە پچڕانی کارەبا لە بەشی باشووری شارەکە کردووە، کە لە نزیک بنکەیەکی سەربازی گەورەیە.
میدیاکانی ڤەنزوێللاش لانیکەم شەش تەقینەوەیان لە کاراکاس بڵاوکردەوە، تا ئێستاش هۆکاری تەقینەوەکان نەزانراوە.
هەروەها ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا دەڵێت، حەوت تەقینەوە كاراكاسیان هەژاند و فڕۆكەی جەنگییش بە نزمی بەسەر ئاسمانی شارەكەدا دەسووڕێنەوە.
ماوەیەكی زۆرە ئەمریكا هەڕەشە لە ڤەنزوێللا دەكات و بەبیانووی داڵدەدانی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر و هەناردەی ئەو ماددانە بۆ ئەمریكا، لە بەرامبەردا سەرۆكی ڤەنزوێللا نیكۆلاس مادۆرۆ دەڵێت، ئەمریكا دەیەوێت دەست بەسەر نەوتی وڵاتەكەیدا بگرێت، كە زۆرترین یەدەگی نەوتی لە دنیادا هەیە.
ڤەنزوێللا هەرچەندە سیستمی فیدراڵییە و لە 23 هەرێم پێكدێت، بەڵام لە بنەڕەتدا وڵاتێكی كۆمۆنیستییە و دەكەوێتە كەناری باكووری كیشوەری ئەمریكای باشوور، خەڵكەكەی لە بارێكی سەختی ئابووریدا دەژین و دراوی وڵاتەكە لە ئاستێكی زۆر خراپدایە، ئەمەش بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە.