قەڵادزێ و رانیە دواى بەفربارین
رانیە و قەڵادزێ
بارانی راپەڕین “بەرەکەتی هێنا”؛ بەراورد بە پار سێ هێندە باریوە
964+
وریا فەتاح
ئامارە نوێیەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی راپەڕین، کە ئەمڕۆ 2.1.2026، بڵاوکراونەتەوە، بازدانێکی گەورە و بێپێشینە لە بڕی بارانبارینی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو نیشان دەدەن، بەپێی داتاکان، لە هەندێک ناوچە بڕی بارانبارین زیاتر لە 300 بۆ 400 ملیمەتر زیادی کردووە.
گەورەترین جیاوازی لە بڕی بارانبارین لە سنووری “سەروچاوە” تۆمار کراوە، کە ئەمساڵ تا ئێستا 370.7 ملیمەتر باران باریوە، لە کاتێکدا پار لەم کاتەدا تەنیا 71.3 ملیمەتر باریبوو، واتە 399.4 ملیمەتر زیادبوونی بەخۆوە بینیوە.
بڕی بارانبارین لە شار و شارۆچکەکان (بە ملیمەتر):
قەڵادزێ: بەرزترین بڕی بارانی لێ باریوە بە 481 ملیمەتر (پار تەنیا 144 ملم بوو).
سەنگەسەر: 421.5 ملیمەتر باریوە (پار 111.4 ملم بوو).
رانیە: 370.2 ملیمەتر باریوە (پار 87.4 ملم بوو).
حاجیاوا: 458 ملیمەتر باریوە (پار 81.1 ملم بوو).
چوارقوڕنە: 400.5 ملیمەتر باریوە (پار 97.3 ملم بوو).
بەفر و بارانی 24 کاتژمێری رابردوو:
لە 24 کاتژمێری رابردوودا، شەپۆلێکی توندی باران و بەفر ناوچەکەی گرتووەتەوە، بەرزترین ڕێژەی بارانبارین لە سەنگەسەر بووە بە 55 ملیمەتر، لە کاتێکدا لە قەڵادزێ تەنیا لەو ماوەیەدا 29 سانتیمەتر بەفر باریوە.
ئاماری کۆی گشتی بەفر لەمساڵدا:
قەڵادزێ: 29 سانتیمەتر
ژاراوە: 20 سانتیمەتر
سەرکەپکان: 19 سانتیمەتر
رانیە: 11 سانتیمەتر
کشتوکاڵی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوە کردووە، ساڵی رابردوو لە نێوان 27ی 12 تاوەکو 5ی 1 هیچ بارانێک نەباریوە، بەڵام ئەمساڵ ئەو ماوەیە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئاستی ئاو و تێپەڕاندنی وشکەساڵی بە شێوەیەکی کۆتایی.
ئەم ڕێژە زۆرەی بارانبارین، ئومێدێکی گەورەی بۆ جوتیارانی ناوچەکە دروست کردووە و پێشبینی دەکرێت ساڵی 2026 ببێتە یەکێک لە ساڵە هەرە پڕ پیت و بەرەکەتەکان بۆ کەرتی کشتوکاڵ لە سنووری ئیدارەی راپەڕین.