تیمەکانی رێگەوبان خەریکی خوێڕشتنن و پێشبینی دەکرێت تا نیوەڕۆ رێگەکە بکرێتەوە
بەفر هاتوچۆی نێوان پێنجوێن و سلێمانی پەکخستووە
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
بەفربارینەکەی بەیانیی ئەمڕۆ ئاستەنگی بۆ شۆفێرانی رێگەی پێنجوێن – سلێمانی دروست کردووە و لە ملەکەوە رێگەکە بە تەواوی داخراوە، لە کاتژمێر 9:00ـی بەیانییەوە تیمەکانی رێگەوبان لەوێن و ڕێگرییان لە هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکان کردووە، تاوەکو رێگەکە لە بەفر و شەختە پاک نەکرێتەوە رێگە بە کەس نادرێت تێپەڕێت.
هێمن ئیبراهیم، قایمقامی پێنجوێن بە 964ـی راگەیاند، تیمەکانی پاککردنەوەی رێگەوبان ئێستا لەوێن و بەردەوام سەرقاڵی خوێڕشتن و راماڵینی بەفرەکەن، هەرچەندە قەرەباڵغییەکی زۆر لەسەر رێگەکە دروست بووە، بەڵام “گیانی هاوڵاتییان لە هەموو شتێک گرنگترە” و نایانەوێت سەرکێشی بە ژیانی شۆفێرانەوە بکەن.
باسی لەوەشکرد، تیمەکانیان هەموو هەوڵێکیان دەخەنە گەڕ تاوەکو کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ رێگاکە بە تەواوی پاک بکەنەوە و بەڕووی هاتوچۆی شۆفێراندا بیکەنەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر