ئاستەنگ دروستبووە

ئەگەر دەبڵ ئەکسلت پێ نییە خۆتانى لێ مەدەن؛ رێگاى سماقوڵى خوێڕێژ دەکرێت

964+

وریا فەتاح

بەهۆى ئەو بەفرە زۆرەى لە دۆڵى سماقوڵى و گۆمەسپان باریوە، ئاستەنگى هاتوچۆ لە رێگاى سماقوڵى دروستبووە، تیمەکانیش سەرقاڵى خوێڕێژکردنى رێگەکەن.

یونس واحید، ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتى چاککردن و پاراستنى رێگاوبانى هەولێر لە سنوورى کەرتى دوو بە 964ـى وت،”لەئێستادا بەهۆى دروستبوونى شەختە، هاتوچۆکردن لە رێگاى سماقوڵى تووشى ئاستەنگ بووە، بۆیە تیمەکان سەرقاڵى خوێڕێژکردنى رێگەکەن”.

بەوتەى یونس واحید، شەوى رابردوو تا کاتژمێر 6ـى بەرەبەیان تیمەکانیان لە رێگەکە سەرقاڵى پاککردنەوەى رێگاکە و رزگارکردنى هاوڵاتیان بوون، بەڵام لە بەیانیدا بەهۆى زۆرى بەفرەکە و نزمى پلەکانى گەرما، شەختە لەسەر رێگاکە دروستبووە و ئاستەنگى هاتوچۆ دروستبووەتەوە.

ئاشکراشى کرد،”تیمەکانمان سەرقاڵى خوێڕێژکردنى رێگەى سماقوڵین و 400 بۆ 500 تۆن خوێ دەڕێژن”.

لەبارەى پەککەوتنى هاتوچۆ لەو رێگەیە، ئەو ئەندازیارە روونیکردەوە،”بەهۆى ئەوەى هەندێ ئۆتۆمبێل توانایان نییە لەو رێگەیەوە لێخوڕین بکەن، ئەمە بووەتە هۆى دروستبوونى ئاستەنگى هاتوچۆ”.

داواش دەکات، ئەو ئۆتۆمبێلانەى دەبڵ ئەکسل نین، خۆیان لە رێگەکە نەدەن.

رێگاى گۆمەسپان و سماقوڵى پەکى کەوت

رێگاى گۆمەسپان و سماقوڵى پەکى کەوت