پاش کۆچی دوایین کاری زوهێر عەبدولمەسیح نمایش کرا

کریستیانێک زیاتر لە نیو سەدە خزمەتی هونەری کوردی کرد

964+

دەشتی عارف ـ هەولێر

هونەرمەند و پێشمەرگەی کریستیان زوهێر عەبدولمەسیح، لەتەمەنی 77ساڵی کۆچی دوایی کرد، ئەمڕۆش لە رۆژی جیهانی سینەما رێزلێنان درایە خانەوادەکەی و کۆتا بەرهەمی لە سینەما نمایشکرا کە خۆی رۆڵی پاڵەوانی تێدادەبینی.

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و برازای زوهێر بۆ 964 وتی، “زوهێر موڵکی هەموو کوردستان بوو، ئەو مامی هەمووان بوو، چاوی ئەو وەکو ئێمە نەبوو هەموو شتێکی بەچاوێکی جیاوازەوە دەبینی کە ئێمە هەستمان پێی نەدەکرد و جوانیەکانی کوردستانی وەک تابلۆیەک دەبینی”.

عەدنان عوسمان، دەرهێنەری فیلمی سێگۆشەی مەرگ وتی، “لەکۆتا کاریدا کە بەیەکەوە کردمان تەندروستی مام زوهێر زۆر باشبوو، کێشەی تەندروستی نەبوو، نەمدەزانی ئەو کارە دەبێتە کۆتا کاری و ئەو یادگارییە تاڵە لەدوایی خۆی جێدەهێلێت”.

زوهێر عەبدولمەسیح ئیلیا لە ساڵی 1948 لە شارۆچکەی عەنکاوەی شاری هەولێر لەدایک بووە، بەشداری چەندین فیلم و شانۆگەری کردووە وەکو دەرهێنەری  فیلیمی تاپۆ حەقی چیە و جەنابی جانەوەر کردووە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی