"پێنج بۆ شەش ملیۆن دینار زەرەرم کردووە"
لافاوەکە خاوەن دوکانێکی هەولێری مایەپووچ کرد
964+
رێباز خدر – هەولێر
خاوەنی دوکانێکی هەولێر، بەهۆی بارانە بەخوڕەکەی شەوی رابردوو، دوکانەکەی ژێرئاو كەوتووە و زیانێكی زۆری مادیی پێگەیشتووە كە بەوتەی خۆی، “بە نزیكەی پێنج بۆ شەش ملیۆن دینار دەخەمڵێنرێت”.
سامى سابر خاوەنی مارکێتێکە لە گەڕەکی فەرمانبەران و قسەی بۆ مایکی 964 کردووە، ئەو دەڵێت، “دوکانەکەم لە نهۆمی ژێرەوە دایە و لافاوەکە هیچ كەلوپەلێكی بۆ نەهێشتوومەتەوە و ئەو كەلوپەلانەی نێو دوكانەكەمن زۆربەی هی مەندوبەکانە و لێرە دایانناوە، بەشێکی زۆری وێران بووە و جگە لە دوکانەکە خانووەکەش زیانی بەرکەوتووە.”
ئاماژەی بەوەشکرد، ئاستی ئاوەکە نزیکەی نیو مەتر بووە و تەنیا لە چەند خولەکێکدا هەموو دوکانەکەی پڕ بووە لە ئاو و قوڕاو، داوا لە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان و خێرخوازان دەکات کە هاوکاری بکەن و قەرەبووی زیانەکانی بۆ بکەنەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر