پارێزەر و شایەتحاڵەکان چوونەتە بەغدا
ئەمڕۆ دوو تۆمەتباری پڕۆسەی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان دادگایی دەکرێن
964+
فەرهاد حەسەن
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەغدا دادگایی کردنی دوو تۆمەتبار بە تۆمەتی جینۆساید کردنی بارزانییەکان بەڕێوەبچێت و بۆ ئەم مەبەستەش پارێزەر و شایەتحاڵان لە دوێنێوە چوونەتە بەغدا.
کەریم کاوە بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران، کە ئەوانیش لە دادگایی کردنەکە ئامادە دەبن، بڵاویکردووەتەوە، وەکو شاندی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە خزمەت کەسوکاری جینۆسایدکراوانی بارزانی لە بەغدان، بە مەبەستی بەشداریکردن لە یەکەم دانیشتنی دادگایی دوو تاوانباری پڕۆسەی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان.
کەریم کاوە، بە 964ـى راگەیاند، ئێستا لە بەغدان و ئەمڕۆ یەکەم دانیشتنی دادگایی دوو تاوانبارەکە لە دادگای تاوانەکانی رەسافە بەڕێوەدەچێت.
وتیشی “دوو تاوانبارەکە بریتین لە شاکر تەها و سەعدون سەبری کە لەکاتی پڕۆسەی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان، پلەیان لیوا بووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە پارێزەری کەیسەکە کە پارێزەر ئەیاد کاکەییە ژمارەیەکی زۆریش کەسوکاری جینۆسایدکراوان و شایەتحاڵەکان ئامادەی دادگایی کردنەکە دەبن.