سێ ساڵە لە ئامێدی موڵەتی دروستکردنی خانووی گەشتیاری راگیراوە
964+
عەمار عەزیز-دهۆک
سێ ساڵە موڵەتی دروستکردنی خانووی گەشتیاری لەسنوری قەزای ئامێدی راگیراوە، خەڵکی ئەو ناوچەیەش داوادەکەن بۆ دروستکردنی خانووی گەشتیاری ئاسانکاریان بۆ بکرێت.
لەسنووری قەزای ئامێدی، زیاتر لە 200 شوێنی گەشتیاری و چوار هەزار تەختی خەو لە خانوو و مۆتێل و هۆتێل هەیە.
ئەڤراز حەسەن مەحمود، بەرێوبەری شارەوانی قەزای ئامێدی بە توڕی 964ی وت “بەپێی دوایين بڕیاری ژمارە 3ی ساڵی 2018 کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، بەگوێرەی بڕیارەکە هیچ کەسێک ناتوانێت نەک خانووی گەشتیاری بەڵکو ناتوانێت هیچ شوێنێک پەرژین بکات، تەنیا بۆ ئەوانە رێگە پێدراوە ئەگەر زەویەکە تاپۆ کرابێت”.
بەوتەی ئەڤراز ئەوان سێ ساڵە مۆڵەتیان بە هیچ کەسێک نەداوە خانووی گەشتیاری دروست بکات.
بەگوێرەی زانیاریەکانی 964، بەشی زۆری زەویەکانی سنووری قەزای ئامێدی جیانەکراونەتەوە، حکومەتی بەعس زەویەکانی خۆی لەوەی خەڵک جیا نەکردوەتەوە، ئەمەش هۆکاری بڕیارەکەی ئەوکاتەی پەرلەمان بووە.
حەمید محەمەد ساڵح، بەرێوەبەری گشتوگوزاری ئامێدی بە وەکالەت بە تۆڕی 964ی وت ” لەسەر ئاستی حکومەت هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی بابەتەکە دەدرێت، بەر لە سێ هەفتە پارێزگاری دهۆک لەگەڵ قایمقام و شارەوانی کۆبوونەتەوە، بەڵام تا ئێستا چارەسەر نەکراوە”.
قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆکە، ناوچەیەکی گەشتیاریيە و حەوت ناحیە لەخۆدەگرێت.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی