كۆمپانیای سۆمۆ

رێككەوتنی نەوتی نێوان هەرێم و بەغدا سێ مانگ نوێدەكرێتەوە

+964

ئەرسەلان عەبدوڵا

حەمدی شنگاڵی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاندووە، “ئەو رێککەوتنە نەوتییەی لە نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا کراوە بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە درێژدەکرێتەوە، بەجۆرێک کاریگەرییەکەی تا 31ی ئاداری 2026 درێژدەبێتەوە، دوای ئەوەی بڕیاربوو رێککەوتنی ئێستا لە کۆتایی ئەمساڵ کۆتایی پێبێت، کە لەماوەی چارەگی یەکەمی ساڵی داهاتوودا سەقامگیری دارایی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات”.

ناوەڕۆکی رێککەوتنی نەوتی نێوان بەغدا و هەولێر لێکتێگەیشتنی هەمەلایەنە لەخۆدەگرێت، کە بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەکی تایبەت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ، هەروەها رادەستكردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بۆ خەزێنەی حكومەتی بەغدا، هەروەها دابینکردنی لیستی موچە و راپۆرتی وردبینی مانگانە بۆ بەغدا، لە بەرامبەردا حکومەتی فیدراڵی بەڵێن دەدات لە کۆتایی هەر مانگێکدا بە شێوەیەکی رێکوپێک شایستە داراییەکان و موچەکان بنێرێت.

ئەمەش لە كاتێكدایە ئێستا لە كۆتایی مانگی 12داین و هەرێم 120 ملیار دیناریشی بۆ بەغدا ناردووە، بەڵام بەغدا هێشتا موچەی مانگی 10ی نەناردووە.

شەنگاڵی جەختی لەوە کردەوە کە “هیچ ناکۆکییەکی بەرچاو لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵیدا نییە”، روونیشیکردەوە “تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێم بە 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دانراوە بەهۆی زەوییە سەختەکان و سەختیی کارکردن لە کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان، لە کاتێکدا قەبارەی هەناردەکردنی ئێستا لە نێوان 200 هەزار بۆ 250 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدایە”.

بە گوێرەی ئەو رێككەوتنەی كە كراوە، پابەندبوونی نێوان هەردوولا پێشان دەدات و رێگری دەکات لە هەر قەیرانێک لە پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ماوەی سێ مانگی ساڵی داهاتوودا، هەروەها تا پەسەندکردنی بودجەی 2026 کە بڕیارە ناردنی بودجەی تەواو بۆ هەرێم بگرێتەوە لەبری تەنیا موچە.

ئەم پێشهاتە لە درێژەی زنجیرەیەک هەنگاودایە کە لە 22.9ی رابردووەوە بە واژۆکردنی رێککەوتنێکی سێ قۆڵی دەستیپێکرد کە بریتی بوو لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، کە لە ئەنجامدا هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە لە 27ی هەمان مانگدا دەستی پێکردەوە، لەو کاتەدا وەزیری نەوتی عێراق گەڕانەوەی بە فەرمی نەوتی کوردستانی بۆ بازاڕی جیهانی راگەیاند.

كۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت نەوتی كوردستان خواستێكی زۆری لەس...

كۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت نەوتی كوردستان خواستێكی زۆری لەسەرە