لۆگۆی وەزارەتی کارەبا - 964
گرفتێکی تەکنیکی لە کێڵگەی کۆڕمۆڕ بەرهەمهێنانی گازی سروشتی کەمکردووەتەوە
کارەبای نیشتمانی 1000 مێگاوات کەمی کرد
964+
ژیوار خدر
بڕی 1000 مێگاوات کارەبای نیشتمانی لە تۆڕی گشتیی هەرێمی کوردستان کەمیکرد، ئەوەش دوای ئەوەی گرفتێکی تەکنیکی لە کێڵگەی گازی کۆڕمۆڕ دروستبوو و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بڕی 250 ملیۆن پێ سێجا گاز، وەزارەتی کارەباش دەڵێت، هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە دەستیان پێکردووە.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، بەهۆی ئەو گرفتە تەکنیکییەی لە کێڵگەی کۆڕمۆڕ روویداوە، بڕی گازی پێویست بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کەمیکردووە، ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی کردووەتە سەر کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاوبەشان لە سەرتاسەری هەرێمدا.
دەشڵێت، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و تیمەکانی کۆمپانیای “داناگاز” لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە و کارەکان بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە بەردەوامن تاوەکو بڕی گازی پێویست بگەڕێتەوە بۆ وێستگەکان و دۆخی کارەبا وەک خۆی لێبێتەوە.