هاوكاریی مانگی سووری توركیا بۆ زیانلێكەوتووانی لافاوی چەمچەماڵ و كەركوك
لەسەر داوای نووسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەت بووە
توركیا هاوكاریی لێقەومانی لافاوەكەی چەمچەماڵ و كەركوك دەكات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
مانگی سووری تورکیا گەیاندنی هاوکاری خۆراکی بۆ لێقەوماوانی لافاو لە شارەکانی سلێمانی و کەرکوک راگەیاند.
مانگی سووری توركیا رایگەیاند، هاوکارییەکان پێکهاتبوون لە هەزار سەبەتە خۆراک، کە گەیاندوویانە بە مانگی سووری عێراقی لە سلێمانی و کەرکوک، كە 500 سەبەتە بۆ هەر شارێک تەرخانکراوە و دەدرێت بەو خێزانانەی لە لافاوەكانی چەمچەماڵ و كەركوك زیانیان پێگەیشتووە.
ئاماژەیان بەوەش كردووە، ئەو كۆمەككردنە لەسەر داوای نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی بووە.
چەتین بەیاتلی سەرۆکی نوێنەرایەتیی مانگی سووری تورکیا لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵی تورکیا، پشتڕاستی كردەوە كە هەزار سەبەتەی خۆراكیان گەیاندووە و بەسەر زیانلێكەوتووانی لافاوەكانی سنووری سلێمانی و كەركوك دابەش دەكرێت.
بارانبارینی بەخوڕ لە سەرەتای ئەم مانگەدا بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە چەند ناوچەیەكی كوردستان، بە تایبەتی لە چەمچەماڵ و پیرەمەگروون و ناحیەی رزگاری لە كەلار و بەشێكی كەركوك و چەند شوێنێكی دیكە.