"ئیدوخن بریخا"
رۆژ رۆژی قەسابخانەكانی عەنکاوەیە و پاچە و گۆشتیان بەرناکەوێ
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
رۆژ رۆژی قەسابخانەكانی عەنکاوەیە و لە جەژنی لەدایكبوونی مەسیح، پاچە و گۆشتیان بەرناکەوێ و خواستی زۆریان لەسەرە.
ئەنوەر یوسف گۆشتفرۆشێکی دێرینی قەزای عەنکاوەیە، قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “لە جەژنی سەری ساڵدا بە دەوری یەک کۆدەبینەوە، دادەنیشین و پێکەوە خۆشییەکانمان دەردەبڕین، دوای ئەوەی کە چووینە کەنیسە، ماڵ بەماڵ دەگەڕێین و سەردانی یەکتر دەکەین”.
“جەژنە و خەڵکی چەرەزات و گوشت دەکڕن و پاچە و کفتەی موسڵیش بۆ ئەم جەژنە مەرغوبە، پاچەکە بۆ نیوەڕۆ دەیخۆین چونکە بۆ شەوێ قورسە و خەراپە”، ئەنوەر یوسف وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، 30 ساڵە گۆشتفرۆشە و ئەزمونێکی باشی لە ئیشەکەیدا پەیدا کردووە.
پەیامنێری 964 بە سریانی و زمانی کریستیانەکان پیرۆزبایی جەژنی لەدایکبوونی مەسیح لە وەستا ئەنوەر دەکات و دەڵێت، “ئیدوخن بریخا، کل شاتا پسخوفە”، واتە جەژنتان پیرۆز بێت، هەموو ساڵێك بەخۆشی.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری