ئەمڕۆ لە کۆیە پشکنینی تەندروستی بێبەرامبەر بوو

964+

شلێر سەعید – کۆیە

خوێندكارانی بەشی پزیشکی کۆیە، نزیكەی 25 خوێندكاریان، لە چالاكییەکدا بێبەرامبەر پشکنین بۆ خەڵک دەکەن، تا تەواوبوونی ئەو چالاكییەیان لانیكەم هەر خوێندکارێک پشكنینی تەندروستی بۆ سێ كەس ئەنجامداوە.

ساڵانە لە قەزای كۆیە، خوێندكارانی كۆلیژی پزیشكی، بۆ تاقیكردنەوەی توانا تەندروستییەكان، چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن و ئەمساڵیش لەناو پاركی شەهیدانی قوڕەبەرازەی ناوشار هەستان بە ئەنجامدانی چالاکی تەندروستی بێبەرامبەر.

چیا محێدین، خوێندكاری قۆناغی سێی پزیشکییە لە زانکۆی پزیشکی کۆیە، ئەو سەرپەشتیاری چالاکیەکەیە، بە تۆری 964ی وت، پشکنین بۆ نەخۆشییەکانی شەکرە، فشاری خوێن، پشکنین بۆ کیش و باڵای هاوڵاتیان دەکەین.

تا ئێستا نزیكەی 80 پشكنینمان بێبەرامبەر بۆ خەڵك ئەنجامداوە

“کاتژمێر 2:30ی پاش نیوەڕۆ دەستمان بە چالاكییەکان كردووە و تا ئێستاش نزیكەی 80 پشكنینمان بێبەرامبەر بۆ خەڵك ئەنجامداوە، تا ئێوارەش بەردەوام دەبین،” چیا محێدین وای وت.

دالیا حسێن خوێندکارێکی دیکەی بەشی پزیشکیی کۆیە بە 964ی وت، “بۆیە کاتی دوای نیوەرۆمان هەڵبژاردوە، چونکە ئەو کاتە زیاتر خەڵک لە دەرەوەی ماڵەكانیانن.”

بەشێکی دیکەی چالاكییەیانی خوێندكارانی بەشی پزیشکی کۆیە تایبەتە بە پێدانی ئامۆژگاری و رێنمایی بە خەڵك بۆ نەخۆشیەكانیان، بۆئەوەی لەبری بەكارهێنانی حەب و دەرمان چارەسەری سروشتی بەكاربێنن.