قوتابیەک لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوە تەماشای پرسیارەکان دەکات _ وێنە: 964
وەزارەت وادەی دیاریکرد
ساڵی نوێ ئەنجامی قوتابیان لە ئی-پەروەردە بەردەست دەبێ
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی پەروەردە، بڕیاری کاراکردنی سیستمی “ئی-پەروەردە”ی دا بۆ تۆمارکردنی نمرەکانی وەرزی یەکەمی قوتابیان و وادەی راگەیاندنی ئەنجامەکان و داخستنی سیستمەکەشی دیاریکرد.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تاقیکردنەوەکان لە وەزارەتی پەروەردە، لە گشتاندنێکی فەرمیدا کە ئاڕاستەی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی کردووە، خشتەی کاتی تۆمارکردنی نمرەکانی لە سیستمی ئەلیکترۆنی “ئی-پەروەردە” بۆ وەرزی یەکەم دیاریکرد.
وەزارەتە دەڵێ، پێویستە کارەکان بە وردی ئەنجام بدرێن، چونکە دوای داخستنی سیستمەکە، هەر هەڵە یان کەموکورتییەک لە تۆمارکردنی نمرەکاندا تەنیا لە رێگەی یاداشتی فەرمیی “لیژنەی لێکۆڵینەوە”وە کاری لەسەر دەکرێت و بۆ وەزارەت بەرز دەکرێتەوە.
وەزارەتی پەروەردە داوا لە خوێندنگەکان دەکات لە کاتە دیاریکراوەکاندا کارەکانیان تەواو بکەن بۆ ئەوەی هیچ کێشەیەک بۆ مافی قوتابیان دروست نەبێت.
وادەکان بەم شێوەیە دەبن:
راگەیاندنی نمرەکان: لە رۆژی 7.1.2026 کارتی نمرەی وەرزی یەکەمی قوتابیان بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت.
ماوەی پەڵپگرتن: دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، 3 ڕۆژ وەک وادەی یاسایی دیاریکراوە بۆ ئەوەی قوتابیان بتوانن ناڕەزایەتی “پەڵپ” لە نمرەکانیان بگرن.
داخستنی سیستم: رۆژی 26.2.2026، دوا وادە دەبێت و سیستمەکە بۆ تۆمارکردنی نمرەی وەرزی یەکەم بە یەکجاری دادەخرێت، ئەمەش بە مەبەستی دەستپێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی دووەمی خوێندن.