دوو هەزار ساڵ تەمەنیەتی
لەکفری لافاو شوێنەوارێکی دەرخست
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
لەقەزای کفری سەر بەئیدارەی گەرمیان، ئەو لافاوەی رۆژانی رابردوو، شوێنەوارێکی دیکەی لە قەزاکە بەدەرخست و مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوو ھەزار ساڵ پێش ئێستا.
عوبێد محەمەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری کفری بە 964ـی وت، ئەو ناوچە شوێنەواریەی دۆزراوەتەوە، دەکەوێتە خوار دەرچەی سەرڕێژی بەنداوی باوەشاسوار لەگەڕەکی ئەوبەری، بەھۆی لافاو و سەرڕێژبوونی بەنداوەکە لە رۆژانی رابردوو ئەو شوێنەوارە دەرکەوتووە”.
“بەپێی پشکنینە سەرەتاییەکان ئەو شوێنەوارە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی دوو ھەزار ساڵ پێش ئێستا لە سەردەمی ساسانیەکان”،عوبێد محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ناوچە شوێنەواریەکە دوو دیواری خشتە، گومان دەکەن رێڕەوی ئاو بێت، نزیکەی چوار مەتری دەرکەوتووە، پێویستی بە کنە و پشکنینی ورد ھەیە، چونکە رێڕەوی ئاو بێت دەبێت خانووش ھەبێت.
عوبێد محەمەد وتیشی، بۆ پاراستنی ئەو شوێنەوارە داوامان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بەربەستێکی کۆنکرێتی بکەن بۆ پاراستنی ئەو شوێنەوارە، لەئەگەری لافاوی دیکە ئەگەر بەربەستی بۆنەکرێت ئەویش رادەماڵێت و دەیبات.
پێداچوونەوە: توانا نەقی