ئەم بەیانییە

ئەمریكا زیاتر لە 70 پێگەی لە سوریا بۆردومان كرد

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێندكۆم) رایگەیاند، لە زنجیرە هێرشێكی چڕدا بۆ سەر داعش لە سوریا، زیاتر لە 100 بۆمب و مووشەکیان بە ئاراستەی ورد هەڵداوە و 70 پێگەی داعشیان بۆردومان كرد، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو هێرشەی کە چەند رۆژێک پێشتر هێزەکانی ئەمریکای لە تەدومر كردە ئامانج.

فەرماندەییەكە دووپاتی کردەوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی ئوردن لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، شانبەشانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا و هێلیکۆپتەرە هێرشبەرەکان و تۆپخانەی قورس، لە هێرشێکی هاوبەشدا بۆ دابەزاندنی توانا لۆجستی و سەربازییەکانی داعش بەشدار بوون.

“هێرشەکان زیاتر لە 70 شوێنی ناوچە جیاجیاکانی ناوەڕاستی سوریایان کردە ئامانج، لەوانەش کۆگای چەک و ناوەندەکانی فەرماندەیی و ژێرخانی بەکارهێنراو بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی”، لە راگەیاندراوی فەرماندەییەكە واهاتووە.

براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند، “ئەم لێدانانە بە ئامانجی رێگریکردنە لە پلاندانانی داعش بۆ هێرشکردنە سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی”، جەختیشی لەوە کردەوە “بەدواداچوونەکان بێ وەستان بەرامبەر هەر کەسێک کە هەڕەشە لە ژیانی ئەمریکییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان بکات، بەردەوام دەبێت”.

ئۆپەراسیۆنەکە بە ناوی “awkeye Strike” ئەنجامدرا و دوای رێنماییەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا دێت، لە وەڵامی ئەو هێرشەی 13ی ئەم مانگە كرایە سەر هێزەكانی ئەمركیا لە تەدمور و بووە هۆی کوژرانی دوو سەربازی ئەمریکا و وەرگێڕێکی مەدەنی.

سەرچاوەكانی هەواڵ باس لەوە دەكەن هاوپەیمانان زنجیرەیەك هێرشیان كردووەتە سەر پێگەكانی داعش له ناوچه جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی سوریا، دیارترینیان بیابانی مەعدان له لادێی رەققە و بیابانی حەماد له لادێ دێرەزور و جەبەل ئەلعەمور.

سەرچاوەکان دووپاتیان کردەوە کە هێرشەکان بۆ سەر کۆگاکانی چەک و مەڵبەندەکانی داعش بووە، کە وەک شوێنی هەڵدانی چەک بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو گرووپە لە ناوچەکە بەکاردەهێنرێن.

 سوریا لەنێوان

 سوریا لەنێوان "کەوتنی دیکتاتۆر" و "مەترسیی دابەشبوون"دا دەتلێتەوە