پێشبڕكێیەكی سەیر هەیە
ئەمشەو 10 هەزار كۆتر لە هەولێرەوە دەچنە كەركوک
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
تا كاتژمێر 11ی ئەمشەو 10 هەزار كۆتر لە هەولێر كۆد و ژمارە دەكرێن و دەبرێنە كەركوك، سبەی پێشبڕكێیەكی نێودەوڵەتییان بۆ دەكرێت و كامەیان زووتر گەیشتەوە هەولێر، ئەویان كۆتری یەكەمە.
پەیامنێری 964 ئەم ئێوارەیەی پێنجشەممە 18.12.2025 لە چایخانەی كەوبازان لە هەولێر، شایەدی تۆماركردنی كۆترەكان بوو، كە خاوەنەكانیان هێنابوویانن بۆ تۆماركردن و بەشداری پێكردنیان لە پێشبڕكێیەكە، كە هەر كۆترێك كۆج و ژمارەی خۆی دەبێت.
بە سەدان كەس سەرەیان گرتبوو بۆ تۆماركردنی كۆترەكانیان، ئەمشەویش لە هەولێرەوە بەڕێدەكرێن بەرەو شاری كەركوك و بە چوار بارهەڵگر دەگوازرێنەوە.
حەكیم ئیسماعیل هاوڵاتییەكی هەولێرەوە و وەك خۆی باسی دەكات، ماوەی 50 ساڵە بەخێوكەری كۆتری زاجلە، بە 964ی وت، “ئەمشەو 10 هەزار كۆتر لە هەولێر تۆماردەكرێن و تا كاتژمێر 11:00 دەبێت هەموو تۆماركرابن و لە رێگەی چوار بارهەڵگرەوە بەرەو كەركوك بەڕێدەكەون، سبەی زوو لە دووریی 127 كیلۆمەتر كۆترەكان پێشبركێ دەكەن، كاتژمێر هەشتی بەیانی كامە كۆتر بە كاتی كەمتر بگاتەوە ماڵەوە، پلەی یەكەم بەدەست دەهێنێت.
مام حەكیم دەڵێت: لە رێگەی سیستمێكەوە كۆترەكان تۆمار دەكرێن و ئارەزوومەندانی كۆتر لە ئەوروپا و هەموو دنیاوە دەتوانن ئەنجامی پێشبڕكێیەكە بزانن.
ساڵانە یەك جار ئەم پێشبڕكیێە لەسەر ئاستی كوردستان ئەنجام دەدرێ و بە هەزاران خاوەن كۆتر بەشداریی تێدا دەكەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا