کونسوڵخانە و ژوورە بازرگانییەکان یەکیان بینی
ئەمریکا: هەرێمی کوردستان دەروازەی هاتنی کۆمپانیاکانمانە بۆ عێراق
964+
ئەحمەد مستەفا
کونسوڵی گشتی ئەمەریکا بە وەکالەت، لە پێشوازیی سەرۆک و نوێنەرانی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرچوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە وتی، کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە هەرێمی کوردستانەوە دێنە عێراق.
ئەمڕۆ پێنج شەممە کۆبوونەوەکە ئەنجامدراوە.
کوسنوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاندووە، پایپەر، لە باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەکەیان لە هەولێر، پێشوازیی لە سەرۆک و نوێنەرانی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کردووە.
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاندووە، ئێمە هەرێمی کوردستان وەک دەروازەیەکی چالاک و گرنگ دەبینین بۆ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان تا لەو ڕێگەیەوە بگەنە بازاڕەکانی عێراق، وە ئەم دیدارە بەشێکە لە هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هاندانی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە بۆ وەبەرهێنان لە ناوچەکەدا.
ئەم دیدارە لە باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر بەڕێوەچووە، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمەڵگە دیپلۆماسییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەر ئاستی جیهان. پرۆژەی دروستکردنی ئەم باڵەخانەیە لە ساڵی 2018 بە تێچووی نزیکەی 800 ملیۆن دۆلار لەسەر ڕووبەری 200 هەزار مەتر چوارگۆشە دەستی پێ کرد و لە سەرەتای کانوونی یەکەمی 2025 نە فەرمی کرایەوە.