وێنەی ژمارەیەک حاجی کوردستان کە لە رێی وشكانییەوە گەیشتوونەتە سعودیە - فۆتۆ: ئەرشیفی حەج و عومرەی كوردستان
بە کورتەنامە ئاگادار دەکرێنەوە
ئەمڕۆ ناوی کۆمپانیاکان و مورشیدانی ئایینی بۆ حەجی 2026 رادەگەیەنرێت
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ناوی ئەو کۆمپانیا و مورشیدە ئایینییانەی رادەگەیەنێت کە بەشداری لە پرۆسەی حەجی 2026 دەکەن.
کاروان ستونی، وتەبێژی فەرمیی حەج و عومرە رایگەیاند،” ئەمڕۆ پێنجشەممە ناوی کۆمپانیاکان و مورشیدانی ئایینی دەرچوو بە فەرمی رادەگەیەنرێت، پرۆسەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆجیا و زانیاری و لەڕێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنیی (دەروازەی حەج)ـەوە ئەنجام دراوە”.
وتەبێژی حەج و عومرە ئاماژەی بەوە دا، هاوشێوەی دەرچوونی ناوی حاجیان، کۆمپانیا و مورشیدە دەرچووەکان لە رێگەی کورتەنامە و بەرنامەکانی (واتساپ و ڤایبەر)ـەوە ئاگادار دەکرێنەوە.
سەبارەت بە شێوازی هەڵبژاردنەکەش، روونی کردەوە کە وەزارەتی ئەوقاف لیژنەی تایبەتی بۆ هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەی کۆمپانیاکان و مورشیدەکان پێکهێنابوو، بەشێوەیەک بۆ ئەمساڵ لە کۆی 157 کۆمپانیا کە ناویان تۆمار کردبوو، نزیکەی 110 کۆمپانیا دوای دەرچوونیان لە پشکنینەکان، بۆ هاوەڵیکردنی حاجیان لە وەرزی حەجی 2026 دیاری کراون.