"دایکی وەفاتی کردووە"
چیرۆکی ئەو گەنجەی لە 100 مەتری سلێمانی گیانی لەدەستدا
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
رۆژی 15.12.2025، یەکەم رووداوی هاتوچۆ لە شەقامی 100 مەتری سلێمانی روویدا و بەهۆیەوە گەنجێک گیانی لەدەستدا، دوای دوو رۆژ لە رووداوەکە باوکی و برایەکی ئەو گەنجە چوونەتە سەر گۆڕەکەی و باس لەوەدەکەن، کە چۆن ئەو کوڕەیان تووشی رووداوەکە بووە و گیانی لەدەستداوە.
رووداوەکە، لە ئەنجامی پێکدادانی دوو تانکەر بوو، کە یەکێک لە شۆفێری تانکەرەکان گیانی لەدەستدا، باوکی کە قسە بۆ پەیامنێری 964 دەکات دەڵێت، کوڕەکەی بە هەتیووی بەخێوکردووە و لەساڵانی 2014 و 2015 دایکی وەفاتی کردووە.
دوو هەفتەیە بەشێکی شەقامی 100 مەتری سلێمانی کراوەتەوە، ئەوکات پەیامنێری 964 بەسەر رووداوەکەدا کەوتوو و وتی، یەکێک لە تانکەرەکان سووتەمەنی پێبووە خۆی کێشاوە بە تانکەرێکی دیکەدا کە سەرقاڵی پاککردنەوەی شەقامەکە بووە، جگە لەوەی زیانی زۆر بە تانکەرەکان گەیشتووە، شۆفێرێکیشیان گیانی لەدەستداوە.
شۆفێرەکە سەرەتا لەناو سەیارەکەیدا گیری خواردبوو، دوای هەوڵێکی زۆر تیمەکانی بەرگری شارستانی و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان تەرمی شۆفێرەکەیان دەرهێنایەوە.
شۆفێرەکە لەدایکبووی ساڵی 2001ە و دانیشتووی ناحیەی شۆڕشی قەزای چەمچەماڵە، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی 2.12.2025 هەردوو سایدی سەرەکیی قۆناغی یەکەمی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی کرایەوە، ئەگەرچی پڕۆژەکە بەتەواوی تەواو نەبووە، بەڵام بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی خراوەتە خزمەت شۆفێرانەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا