"ئاسانە بەڵام حکومەت کاری پێناکات"

لە رێگەی تەکنەلۆژیاوە دەتواندرێت پێشبینى لافاو و ئه‌و شوێنەش بکرێت کە لافاو دەیگرێتەوە

964+

فەرهاد حەسەن

“له‌رێگه‌ى ته‌كنه‌لۆژیا و زانستەوە‌ ده‌تواندرێت به ‌ئاسانى و لە ماوەی تەنیا پێنج خولەکدا پێشبینى دروستبوونی لافاو و ئه‌و شوێنانەش بکرێت کە لافاوەکە ده‌یانگرێته‌وه”، ئەمە قسەی کەسێکی شارەزا و خاوەن بڕوانامەی ماستەرە تایبەت بە لافاو.

ئەو تەکنەلۆژیایەی کە ئەو خاوەن بڕوانامەیە باسیدەکات، دەمێکە لە وڵاتانی جیهان کاری پێدەکرێت و لە هەرێمی کوردستانیش هەیە، کە ئەویش تەکنەلۆژیای (جی ئای ئێس) و تەکنیکەکانی نەخشەسازییە، کە بە GIS & RS ناسراوە.

کەیفی فاخیر برایم ناسراو بە کەیفی چۆمانی، خاوەن ماستەرەکەیە لە لافاو و مامۆستایە لە بەشی ئەندازیاریی شارستانی لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی راپەڕین دەڵێت، بەهۆی ئەم تەکنەلۆژیایەوە دەتواندرێت بزانیت کە لافاو چۆن مامەڵە دەکات و سیناریۆکان نیشان بدەیت، ئەمەش زۆر یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لە کارەساتەکان و رێگریکردن لە مەترسییەکانی.

وتیشی “بە بوونی جی ئای ئێس و دوانەی دیجیتاڵی، زۆر بە ئاسانی دەتوانیت هەم پێشبینی لافاو بکەیت، هەم بزانیت کوێ مەترسی لافاوی لەسەرە، هەم دەتوانیت بزانیت کامە بینا مەترسی لەسەرە، هەمیش ئاگادارت دەکاتەوە لەکاتی بوونی مەترسی”.

ئەم شارەزایە پێیوایە زۆربەی کێشەکان، زیانەکان، دەکرێت بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و تەکنیکە نوێیەکانی سەردەم کەمبکرێنەوە بە تێچووی کەمتریش، بەڵام ئەمە کاتێک دەکرێت کە بڕیاربەدەستەکان ئاگاییان هەبێت سەبارەت بە نوێترین تەکنەلۆژیاکانی سەردەم.

کەیفی چۆمانی بەم تەکنەلۆژیایەی باسیدەکات، ڤیدیۆگرافیکی تایبەتی بە لافاوەکەی ئەمجارەی چەمچەماڵ و ژێرئاوکەوتنی سەدان حەوزی ماسی لەتەقتەق دروستکردووە، دەڵێت “ئەم ڤیدیۆیە تەنیا سیمولەیشنێکی نموونەیە بۆ چەمچەماڵ لای بانی مەقان، بەڵام شوێنی پۆندەکە تەنها بۆ نیشاندانی نموونەی ئەگەری چۆنیەتی روودانی لادانی ئاو لە پۆندەکەیە، واتە ئەگەر پۆندەکە بشکێ رێڕەوی لافاوەکە چۆن دەبێ و زیان بە کوێ دەگات.”

ئەوەش رووندەکاتەوە، کە هەر بەم تەکنەلۆژیا و زانستە کە بە کەمتر لە پێنج خولەک پێشبینی لافاو دەکەیت، هەمانکات زۆر بە وردی پێتدەڵێت کامە خانووە بەر لافاو دەکەوێت.

باس لەوەش دەکات کە لە هەرێمی کوردستان تەنیا کاردانەوەی دوای کارەساتەکانمان هەیە، بەڵام ئامادەکاریمان بۆ پێش کارەساتەکان نییە، پرسیاری ئەوەش دەکات کە بۆچی حکومەت پشت بەم تەکنەلۆژیایە نابەستێت، کە دەکرێت یارمەتیدەر بێت هەم بۆ دیاریکردنی کێشە و هەمیش بۆ رێگریکردن لە زیانە گیانی و مادییەکان.

راپه‌ڕین پێشبینى كردووه‌ ئه‌مساڵ 50% به‌رهه‌مى گه‌ن...

راپه‌ڕین پێشبینى كردووه‌ ئه‌مساڵ 50% به‌رهه‌مى گه‌نمى كه‌مببێته‌وه‌

شاره‌زاییه‌كی كه‌شناسی به‌م به‌هاره‌ پێشبینى هاوی...

شاره‌زاییه‌كی كه‌شناسی به‌م به‌هاره‌ پێشبینى هاوینێكی "زۆر گه‌رم" ده‌كات

بەربەستەکانی لافاو لە سەیدخەلیل چاک دەکرێنەوە؛ بە لاف...

بەربەستەکانی لافاو لە سەیدخەلیل چاک دەکرێنەوە؛ بە لافاو داڕمابوون