ئێمباپێ گۆڵكاری مێژووییه‌ و داهاتووی خۆی یه‌كلاكرده‌وه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا

کیلیان ئێمباپێی فه‌ڕه‌نسی، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان، لە بارەی ئەگەری رۆیشتنی لە یانه‌كه‌ی لە هاوینی داهاتوودا رایگه‌یاند، داهاتووی ئه‌و له‌ یانه‌كه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ خولی پاڵه‌وانانی ئه‌وروپاوه‌ نییه‌.

ئێمباپێ تا هاوینی 2024 گرێبەستی لەگەڵ سانجێرماندا هەیە، ئەگەری درێژکردنەوەی بۆ وەرزێکی دیکەش هەیە، بە مەرجی رەزامەندی هەردوولا.

ماڵپه‌ڕی فه‌ڕه‌نسی getfootballnewsfrance پرسیاری لە ئێمباپێ کردووه‌، ئایا نازناوی چامپیۆنزلیگ کاریگەری لەسەر داهاتووی ئه‌و هه‌یه‌، ئه‌ویش وتی: پێموانییە وابێت، ئەگەر داهاتووی خۆم لە پاریس به‌ بردنه‌وه‌ی چامپیۆنزلیگ ببەستمەوە، ئه‌وه‌ بێڕێزیكردنه‌ به‌ یانه‌كه‌”.

وتیشی “ئەگەر داهاتووی خۆم بە جامی چامپیۆنزلیگ ببه‌ستمه‌وه‌، ده‌بوو زۆر له‌مه‌وپێش پاریسم جێ بهێشتایه‌”.

ئێمباپێ لە درێژەی قسەکانیدا ده‌ڵێت: له‌ پاریس زۆر دڵخۆشم، ئێستا ناتوانم بیر لە هیچ شتێکی دیكه‌ بکەمەوە.

سەبارەت بە بردنەوەی تۆپی زێڕین “بالۆن دۆر” لە داهاتوودا، ئێمباپێ وتی: بە دڵنیاییەوە ئه‌مه‌ ئامانجی منه‌، حەز دەکەم رۆژێک به‌ده‌ستی بهێنم”.

شه‌وی رابردوو له‌ یاری پاریس و نانت، كه‌ به‌ 4-2 گۆڵ بۆ پاریس كۆتایی هات، ئێمباپێ گۆڵێكی تۆمار كرد و ئێستا به‌ 18 گۆڵ له‌ پێشه‌وه‌ی گۆڵكارانی خوله‌كه‌یه‌.

هه‌روه‌ها ئێستا یاریزانه‌ فه‌ڕه‌نسییه‌كه‌ گۆڵكاری مێژوویی یانه‌كه‌یه‌تی به‌ 201 گۆڵ.