"ئاگادار بن و پابەندی بن"
بەرگری شارستانی ئاکرێ پێنج مەترسی دروستبوونی لافاو بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانی ئاشکرا دەکات
964+
فەرهاد حەسەن
بەرگری شارستانی ئاکرێ، هاوڵاتیانی ئاگاداردەکاتەوە کە هێشتا چەند مەترسییەک بۆ باران بارین و دروستبوونی لافاو لە قەزاکەیان ماون و نابێت پشتگوێ بخرێن، بەڕێوەبەریش مەترسییەکان ئاشکرا دەکات.
عەقید ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ بە 964ـى وت، مەترسییەکانی باران بارین هێشتا لە قەزاکەیان کۆتایی پێنەهاتووە بە تایبەتیش لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لەناو کۆڵان گەڕەک و سەرشەقامە گشتییەکان، بۆیە بە پێویستیان زانیوە هاوڵاتیان لە مەترسییەکان ئاگادار بکاتەوە.
لەو مەترسیانەی باسیدەکات، ئۆتۆمبێل و کەسانی پیادە بە هیچ شێوەیەک لەکاتی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو بەهۆی بارانەوە هاتوچۆ نەکەن.
ئەو ماڵانەی کەوتوونەتە ناو دۆڵ و شوێنە نزمەکان پێویستە لە ئێستاوە رێگەی جێگرەوە دەستنیشان بکەن، لە حاڵێکدا ئەگەر بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو رێگەیان لێگیرا، لە رێگای جێگرەوە خۆیان رزگار بکەن.
مەڕدار و خاوەن ئاژەڵەکانیش بەگشتی ئاگاداردەکاتەوە کە ئەم چەند رۆژە ئاژەڵەکانیان بەرنەدەن و لە ناو گەوڕەکان بیانهێڵنەوە.
کەسوکاری قوتابیانیش ئاگاداردەکاتەوە بەهیچ شێوەیەک منداڵەکانیان بە تەنیا نەنێرنە قوتابخانە، چونکە بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی ئاو مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت.
بە هاوڵاتیانیش دەڵێت، لەکاتی بڵاوبوونەوەی ئاو لەناو ماڵەکانیاندا پێویستە بە زوویی کارەبای ناو ماڵەکانیان بکوژێننەوە و ئەوانەشی دەچنە دەرەوە بۆ گەشتی شاخەوانی هۆشیار بن لە هاتنە خوارەوەی بەردی بەرزاییەکان.
بەرگری شارستانی ئاکرێ، ژمارەی هێڵی گەرمی 115 پەیوەندیکردنی بۆ هاوڵاتیان بڵاوکردووەتەوە کە لە ئەگەری بوونی هەر حاڵەتێکی لەناکاو پەیوەندی بە تیمەکانیانەوە بکەن .