گەرمیان
بارانە و سەقفی نەخۆشخانەی مەیدان تکە دەکات
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ئەو شەپۆلە بارانبارینەی رووی لە ناوچەکانی کوردستان کردووە، بۆ بەشێک لە بینا کۆنەکان بووەتە گرفت، ئەوەتا بینای مەڵبەندی تەندروستیی ناحیەی مەیدان لە گەرمیان بەھۆی بارانەوە سەقفەکەی تکە دەکات و ئاو دێتە ناو نەخۆشخانەکەوە.
خالید عەبدولکەریم بەڕێوەبەری مەڵبەندی تەندروستیی ناحیەی مەیدان بە 964ى وت، “بینای نەخۆشخانەکەمان کۆنە، لە کاتی بارانباریندا بەو شێوەیە ئاو لە سەقفەکەی دێتە خوارەوە و ناو نەخۆشخانەکە تەڕ دەبێت”.
“بڕیاری نۆژەنکردنەوەی دراوە و لەسەر بودجەی پارێزگاکان پارەی بۆ تەرخانکراوە، لەھەفتەی داھاتووە لیژنە دێنە سەری و دەستبەکاری نۆژەنکردنەوەی دەکرێت”،خالید عەبدولکەریم وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو شوێنانەی کە سەقفەکەی ئاوی لێدێتە خوارەوە، شوێنی زۆر پێویست و گرنگ نین، کارەکانی نەخۆشخانەکەی رانەگرتووە و بەردەوامن لە چارەسەری نەخۆش.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا