"کارێکی تیرۆریستییە"
چەند گۆڕێکی کریستیانەکانی هەرمۆتە شێوێنراوە و نیگەرانی دروست كردووە
+964
دەریا ئەحمەد- کۆیە
نزیکەی 15 گۆڕی کریستیانەکانی گوندی هەرمۆتە لە قەزای کۆیە لە گۆڕستانی تایبەت بە خۆیان لە گوندەکە شێوێنراوە و ئەمەش تووڕە و خەمباری کردوون، داواش دەکرێت ئەو دەستەی دەیەوێت برایەتی ئەوان و مسوڵمانەکان تێکبدا، سزابدرێ، بەڕێوەبەری ئەوقافی کۆیەش دەڵێ ئەمە کارێکی تیرۆریستییە.
کریستیانەکانی گوندی هەرمۆتە بە 964ـیان وت، هەرگیز کارێکی وەها ناشرین بەرامبەر ئەوان نەکراوە و زۆر دڵگرانن، “ئێمە هەمیشە لەگەڵ مسوڵمانەکان وەک برا لەم شارە ژیاوین و تەنانەت سەردانی پرسەکانی یەکتریش دەکەین”.
د.هاوژین سڵێوا، هاوڵاتی كریستیان و مامۆستای زانكۆ بە 964ی وت، “گومانمان لە کەسێکی دیاریکراو نییە، بەڵام پێمان وایە کارێکی پلان بۆ داڕێژراوە و بە گرووپ ئەم کارەیان كراوە، هیوادارین هەرچی زووە بۆمان ئاشکرا بکرێن و بە سزا بگەیەنرێن”.
عەبدوڵا ئەنوەر بەڕێوەبەری ئەوقافی کۆیە بە 964ـی وت، ئەمە کارێکی تیرۆریستییە و تەنیا داعش لە موسڵ بەرامبەر کریستیانەکان ئەم کارەی کرد، ئەم كارەی كراوە ئێمەی زۆر دڵگران کردووە بەڵام ئەوەی ئەم کارەی کردووە خەیاڵی خاوە تا زیان بە دۆستایەتیی موسڵمان و مەسیحییەکانی کۆیە بگەیەنێت و بە پێچەوانەوە دۆستایەتیەکەمان پتەوتر دەکات.
وتیشی، هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە و بکەرانی ئەم کارە رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 4.12.2025 کاتێک چەند ژنە کریستیانێک بۆ دڵنەوایی سەردانی گۆڕستانەکەیان دەکەین، بەڵام دڵنەواییان دەبێتە خەمێکی قوڵ، کاتێک دەبینن چەندین گۆڕ شێوێنراون، هەر لەوکاتەشەوە تا ئێوارە پۆل پۆل کریستیانەکان سەردانی گۆڕستانەکە دەکەن و بەدیار گۆڕە شێوێنراوەکانەوە ئەسەف هەڵدەکێشن.
هاوكات نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی كوردستان بە توندی سەركۆنەی كارەكەی كرد و لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەیان بەوەدا، كارەكە قابیلی قبوڵ نییە و بە هەموو شێوەیەک شەرمەزاری دەکەن، داواش لە دامودەزگهکانی حکومەت دەکەن کە دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی پێویست بکەن بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و سزادانیان، هەروەها گۆڕستانەکەش، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نۆژەن دەکرێتەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا