کوردێک ناوی لێناوە و بە چەکی قوڕسیش تەیارکراوە
ئێران پاپۆڕە زەبەلاحەکەی بەناوی “كوردستان” لە ئاوەکانی كەنداو خستەكار
964+
فەرهاد حەسەن
میدیا ئێرانییەکان وەکارخستنی پاپۆڕێکی زەبەلاحی وڵاتەکەیان بەناوی “کوردستان” راگەیاند و دەڵێن زۆر تایبەتمەندی سەربازی و فریاگوزاری لەخۆگرتووە.
ناولێنانی پاپۆڕەکە بەم ناوە، بۆ فەرماندەی هێزی دەریایی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئادمیڕاڵ شەهرام ئێرانی دەگەڕێتەوە، کە ناوبراو بە رەچەڵەك كوردە و خەڵكی سنەی رۆژهەڵاتی كوردستانە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی تەسنیم، بەلای شەهرام ئێرانی هۆکاری ناونانی ئەم پاپۆڕە و ئەوانی دیکە کە زۆربەیان بە ناوی پارێزگاکانی ئێرانەوە کراون بۆ “پێشخستنی نمایشی یەکگرتوویی نەتەوەیی” گەڕاندووەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی مێهر بڵاویکردووەتەوە کە پاپۆڕەکە بە کۆمەڵێک سیستەمی چەکی هێرشبەری و بەرگری تەیار کراوە، لەوانەش هەشت مووشەکی کروزی دژە کەشتی لە جۆری قادر دانراون کە مەودای مەودای 200 و 300 کیلۆمەتریان هەیە.
جگە لەوەش، “کوردستان” بە مووشەکی هەڵدانی راستیی نەواب لە رووی ئاسمانییەوە تەیار کراوە، کە سیستەمی نەواب لەلایەن شارەزایانی وەزارەتی بەرگری و پشتیوانی هێزە چەکدارەکانەوە پەرەی پێدراوە، سەرەتا لەسەر بەلەمەکانی دەوریەی شەهیدی سولەیمانی سەر بە هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی جێگیرکرابوو.
مووشەکی نەواب مەودای 25 کیلۆمەتری هەیە و توانای بەرکەوتنی ئامانجەکانی هەیە لە بەرزاییە نزمەکاندا، ئەم سیستەمە بە تایبەتی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئامانجە نزم فڕینەکانی وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی کروز داڕێژرابوو و مووشەکەکانیشی بە سەری جەنگی نزیکییەوە ئامادەکراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئامادەکردنی پاپۆڕی “کوردستان” بەم سیستەمە، بەرگری ئاسمانی گروپە شەڕکەرەکانی دەریایی بەرزدەکاتەوە، ئەمە جگە لەوەی سیستەمی بەرگری کەناراوەکان بەهێزتر دەکات.
خستنەكاری ئەو كەشتییە هاوكات بووە لەگەڵ خستنەكاری پاپۆڕی دیكەی سەربازیی پێشكەوتووی ئێران بە ناوی “سەهەند”، میدیای ئێرانی باسی لەوەكردووە ئەو دوو پاپۆڕە چەندین تایبەتمەندی گەورەی سەربازیی لەخۆدەگرێت.
خستنەكاری ئەو دوو پاپۆڕە لە مەراسیمێكی گەورەدا لە ناوچەی یەكەمی دەریایی سوپای ئێران لە كەنارئاوەكانی مەكران لە باشووری ئێران بەڕێوەچووە و لە مەراسیمەكەشدا ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی گشتیی سوپا، حەبیبوڵا سەیاری، جێگری رێكخەری سوپا و شەهرام ئێرانی، فەرماندەی هێزی دەریایی، ئامادەبوون و دوو دەستكەوتی ستراتیژی بۆ هێزی دەریایی ئێران زیادكراوە.
بە گوێرەی میدیاكانی ئێران، پاپۆری سەهەند ساڵی رابردوو لە كاتی چاكردنەوەدا نوقم بووە و دواتر لە ئاو رزگار و چاككراوەتەوە، هەروەها باس لەوەشدەكەن پاپۆڕی كوردستان ” لە راستیدا وەك پێگە و بەندەرێكی دەریایی گەڕۆك هەژمار دەكرێت و چەندین تایبەتمەندی لەخۆ دەگرێت لەوانەش:
لە ژێرخانی بەندەری توانای جێگیركردنی كەشتی و ژێردەریایی لە یەك كاتدا هەیە.
لە توانای چاككردنەوەدا وەرشەی تایبەتمەند بۆ چاككردنەوەی كەشتییە زەبەلاحەكان تاوەکو 10 هەزار تۆنی تێدا جێگیركراوە.
لە پشتگیری ستراتیژیدا كۆگاكانی سووتەمەنی و تەقەمەنی كە توانای پشتگیری 90 رۆژەیان هەیە بۆ بەلەمە دەریاییەكان.
لە دامەزراوەكانی فەرماندەییدا نەخۆشخانەی دەریایی، ناوەندی یەكگرتووی فەرماندەیی و كۆنترۆڵكردن و وێستگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی تێدا جێگیركراوە.