بەشێكی شەقامی 120 مەتری داخراوە
بەربەرست دانراوە
بەشێكی شەقامی 120 مەتری كاری لێدەكرێ و داخراوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەم بەیانییەی شەممە 29.11.2025 شۆفێران بە شێوەیەكی چاوەڕاننەكراو خۆیان لە بەردەم ئەو بەربەستانە بینینەوە، كە لە شەقامی 120 مەتریی هەولێر، لە نزیك شوقەكانی جیهان دانراون و شۆفێران ناچاربوون بە شەقامە خەدەمییەكە گوزەر بكەن.
كامێرای 964 وێنەی شوێنەكەی گرتووە و ئەو رەوشەی ئەمڕۆ بەیانی شەقامی 120 مەتری گرتەوە، قەرەبالغییەكی زۆری دروست كردبوو، بە دیاریكرایش لە پێش جۆینی هاتنەخوارەوە بۆ شەقامی كەركوك، كرێكاران بە ئاڵای سوورەوە شۆفێرانیان رێنمونی شۆفێرانیان دەكرد كە شەقامەكە داخراوە و ئاگاداربن.
بەربەستەكان تا بەشێكی كۆتایی شوقەكانی جیهان درێژ بوونەتەوە و ئیتر ئەو پانتاییە، كە چەند سەد مەترێك دەبێ، ئەمڕۆ كاری لێ دەكرێت.
پێشتر شارەوانیی هەولێر ئەوەی راگەیاندبوو، كار لەسەر ئەو شۆلدەر و جۆینانە دەكات لە شەقامی 120 مەتری، كە درز و شكان و كەموكوڕییان تێكەوتووە، بەڵام ئەمەی ئەمڕۆی بەیانی لە شەقامەكە تا رادەیەك بێ ئینزار و پێشەكی بوو، هەر شۆفێرێك دەهات خۆی لە بەردەم بەربەرستەكان دەبینییەوە.