هەڵبژاردنی عێراق

406 تانەی هەڵبژاردن پێشكەشی دەسەڵاتی دادوەری كراوە

+964

ئەرسەلان عەبدوڵا

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرای کرد، تا ئێستا 406 تانەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنیان پێشکەش بە دەسەڵاتی دادوەری کردووە، رەنگە ئەمڕۆش نزیکەی 120 تانەی دیکە پێشکەش بکرێت.

یاریدەدەری وتەبێژی كۆمسیۆنەكە نیبراس ئەبو سۆدە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، كە 964 بینیویەتی، دەڵێت، بەمەش کۆی گشتی تانەدانەكان دەگاتە 526، بەشێكی دیكەشیان هێشتا لە ژێر پێداچوونەوە و لێکۆڵینەوەدان لە ماوەی یاساییدا.

روونیشیكردەوە، “یاسا ماوەی دە رۆژی بە دەسەڵاتی دادوەری داوە بۆ یەکلاییکردنەوەی تانەدانەکان، لە رێكەوتی وەرگرتنی دوا دۆسیەوە دەستپێدەکات”.

پێشتر کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندبوو، لە ماوەی سێ رۆژدا کە یاسا دیاریی کردووە، 872 تانەی سەبارەت بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن پێگەیشتبوو، نیبراس ئەبو سودە پشتڕاستی کردەوە كۆمسیۆن هێشتا چاوەڕوانی بڕیارەکانی دەسەڵاتی دادوەرییە سەبارەت بەو تانانەی کە ئاماژەی پێکراوە.

هەروەها وتی، “قۆناغی داهاتوو بریتییە لە تەواوکردنی بڕیاردانی سەرجەم تانەدانەکان، رەنگە هەندێک بڕیار بەدواداچوون بۆ دووبارە ژماردنەوە و فەرزكردنی ژمارەیەک وێستگە بکات، کە کۆمسیۆنەکە هەڵیدەگرێت، دوای تەواوکردنی رێکارەکانیش، ئەنجامە کۆتاییەکان ئامادە دەکرێن و دەخرێنە بەردەم دادگای باڵای فیدراڵی بۆ پەسەندکردن”.

رۆژی 11.11.2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، دواتر لە 17.11 ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە راگەیاندرا، لەگەڵ دیاریكردنی سێ رۆژ وەك دەرفەتی تانەدان لە ئەنجامەكان.