گەڕەکە بێ قڕە و تەباکەی خورماتوو
دەستی دووبەرەکی نەیتوانیوە برایەتی کورد، عەرەب و تورکمان تێکبدا
964+
سیروان خورشید – خورماتوو
بە گاڵتە نەوتراوە، مەجلیست دایم، ئیمانت قایم… هەر بۆ نموونە ئەو مەجلیسانەی سێ نەتەوەی جیاوازی لە ناوچەیەکی ئاڵۆز کۆکردووەتەوە، خۆیان و مێژووی شارەکەشیان شاهێدی چەندین رووداو و لێقەومانن، بەڵام برایەتییەکەیان تەباییانی پاراستووە و نەیانهێشتووە، دەستی دووبەرەکی لەناویاندا چلەی بچێ، ناشتوویانە.
باس باسی گەڕەکی برایەتییە لە خورماتوو، ئەوەی لە هەمووی بەرچاوترە، لێرە هاوڵاتییە عەرەبەکانیش فێری کوردی بوون و لە هاموشۆی دراوسێکانیان هەر بە کوردی قسەدەکەن، سەرەڕای هاوبەشی خێزانی .. لەگەڵ ئەوەی دانیشتووانەکەی زۆرینەیان بە کاری فەرمانبەرێتی و کاسپییەوە سەرقاڵن و لاوەکانیش خوێندن و کرێکاری، لەو گەڕەکە بنکەی تەندروستی و قوتابخانەی لێیە، بەڵام زۆرێک لە کۆڵانەکانی پێویستیان بە گەیاندنی دەستی ئاوەدانییە و لە خۆڵ نەجاتیان نەبووە.
لە خورماتوو، ئەم ناوچەیە پێی دەڵێن، حەسیرەکە، کە مەبەست لێی گەڕەکی برایەتیییە، زیاتر لە دوو هەزار ماڵ و بە سێ نەتەوەی جیاواز لێی دەژین، دانیشتووانکەی جیاواز لە گەڕەکەکانی تری نێو سەنتەری قەزاکە، سەرەڕای ئەو هەموو ئاڵۆزییانەی لە شەڕی ناوخۆیی، رووخانی رژێم و هاتنی چەکدارە جل رەشەکان تووشی هاتن، بەڵام وەک بڵێی لە شارێکی تربن بەهیج شێوەیەک نەیانهێشتووە ئەو ئاڵۆزییانە، بەسەر برایەتی و تەباییاندا سەربکەوێ و بنکەی پۆلیس و موختارەکەشیان شاهیدییان بۆ دەدەن.
لە ساڵی 1976 وە گەڕەکی برایەتی لە 30 ماڵەوە بناغە کراوە، سەرەتا تەنیا بۆ فەرمانبەرانی حکومەت بوو، بەڵام کە سەدام رووخا ئاوارەیەکی زۆری ناوچەکانی دەوروبەری سنورەکە روویان لەو گەڕەکە کرد و بەهۆی ئارامی شوێنەکەوە بە تەواوی جێگیربوون، ئێستاش لە کەرکوکەوە بچی بۆ خورماتوو، لە باکوری شارەکەوە گەڕەکەکە دەبینی و هەر کوێیەکی ئەم گەڕەکە دەگری، پڕە لە پێکەوەیی هەڵکردن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا