سەیارەی پێشمەرگەیەک سووتا

964+
سەعید محەمەد – هەولێر

نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەیەک لەسەر رێگای سێبیران و کانی قرژاڵە لە هەولێر گڕی گرت.

ئۆتۆمبێلەکە پێنج پێشمەرگەی تیادا بووە، له‌رێگابوون به‌ره‌و ده‌وامی فه‌رمیان ده‌گه‌ڕانه‌وه‌، دوای سووتانی، پێشمەرگەکان بەڕێکەوتوونەتەوە بەرەو دەوامەکەیان.

هەژار ئیسماعیل ئەو پێشمەرگەیەی کە خاوەنی ئۆتۆمبێلەکەیە، بە تۆڕی 964ی وت، ئۆتۆمبێلەکەی لە جۆری مازدای تاکسی بووە و لەوکاتەدا کە گڕی گرتووە خێراییەکەی 60 کیلۆمەتر بووە لە کاتژمێرێکدا.

هەروەها وتی “سەرلەبەیانی لەگەڵ چوار هاوپیشەم لە خەلیفان بەڕێکەوتین بۆ میحوەری خازر کە دەواممان لەوێیە، ئۆتۆمبێلەکەم هیچ کێشەی نەبوو کاتێک گەیشتم بە رێگای سێبیران هەستمان کرد دووکەڵ لەناو بۆنیتی ئۆتۆمبێلەکەم دەرچووە، ئەو کات خێراییەکەم 60 بوو، راوەستاین بۆ ئەوەی بزانین کێشەی چییە، کە هاتینە خوارەوە، ئاگر لە ئۆتۆمبێلەکە بەرزبووە و ئاگرکوژێنەوەی بچووکمان لابوو بەکارمانهێنا بەڵام سوودی نەبوو”.

بە وتەی خۆی، دواتر تانکەری فەوجی 1ی لیوای 2ی فیرقەی 6ی پێشمەرگە هاتوون و ئاگرەکەیان کوژاندووەتەوە “سوپاس بۆ خوا ئێمە هەموومان سەلامەت بووین”