وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى
بزانە مەرجەکان دەتگرێتەوە
30 زەمالەى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە هەنگاریا راگەیەندرا
964+
وریا فەتاح
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى زەمالەى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە وڵاتى هەنگاریا بۆ ساڵى خوێندنى (2026-2027) رادەگەیەنێت، بۆ ئەم مەبەستەش ئەو وڵاتە 30 دەرفەتى خوێندن (10 ماستەر و 20 دکتۆرا)، پێشکەش بە فێرخوازان و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات.
مەرج و رێنماییەکان:
– پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.
– پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوا دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی کرداری هەبێت تا (2026/9/1) لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە.
– بۆ کاندیدانی دکتۆرا، سەبارەت بە دەرچوانی بەرنامەی تواناسازی، دەبێت پابەندی ئەو گرێبەستە بن کە پێشتر لەگەڵ وەزارەت واژۆیان کردوە.
– خوێندن لەم زەمالەیە بە زمانی ئینگلیزییە، دەبێت پێشکەشکار بە لایەنی کەم ئاستی زمانی ئینگلیزی (5) IELTS یان هاوتاکەی لە تاقیکردنەوە ستانداردەکانی دیکەی توانستی زمان هەبێت کە بریتین لە (TOEFL IBT, PTE ) وەک خشتەی بەراوردکاری هاوپێچە.
– لەکاتی پێشکەشکردن بەڵگەنامە رەسەنەکان بە وەزارەتەکەمان پێویستە تێستی زمان بەسەرنەچوو بێت.
– ئەو پێشکەشکارانەی دوایین بڕوانامەیان بە زمانی ئینگلیزی خوێندوە، لەکاتی پێشکەشکردنی بەڵگەنامە رەسەنەکان ئەگەر تاقیکردنەوەی ئاستی زمانی ئینگلیزی نەبوو، داواکارییەکەی وەردەگیرێت.
– داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ خوێندن پێشکەش بکات. (واتا بۆ خوێندنی ماستەر؛ بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت هەروەها بۆ خوێندنی دکتۆرا؛ دەبێت ماستەر و دکتۆراکەی هەمان بوار بێت).
– ئەم زەمالەیە پشتگیری مۆڵەتی هاوڕێیەتی هاوسەری ناکات، هەروەها پرۆسێسی وەرگرتنی ڤیزای هاوسەر و منداڵ ناکرێت.
– کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لە لایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت؛ واتا بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
– لە کاتی داواکردنی بەڵگەنامە رەسەنەکان، ئەگەر داواکار فەرمانبەر یان مامۆستا بوو، دەبێت نوسراوی لاری نەبون لە فەرمانگەکەی خۆیەوە پێشکەش بە وەزارەتەکەمان بکات.
– کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی هەنگاریا، بۆ خوێندنی ماستەر مانگانە بری نزیکەی (110) یۆرۆ و بۆ خوێندنی دکتۆرا مانگانە بری نزیکەی (355 – 460) یۆرۆی وەک دەرماڵەی مانگانە پێدەدرێت، هەروەها بیمەی تەندروستی و کرێی خوێندن و بەشی ناوخۆیی لە زانکۆ بۆ دابیندەکرێت، بەڵام کرێی فڕۆکەی بۆ دابین ناکرێت. (بۆ زیاتر وردەکاری تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن).
– دوای دەرچونی ئەنجامی بەرایی لە لایەن هەنگاریاوە، وەزارەتەکەمان لەسەر بنەمایی رێنمایی ژمارە (5) ی سالی 2021 کاندیدەکان هەڵدەبژێرێت.
– ئەگەر کاندیدی سەرکەوتوو پاشگەز بوەوە، یان داوای دواخستنی خوێندنەکەی بکات یا بەردەوام نەبوو لە خوێندن، ئەوا ناوی دەخرێتە لیستی رەش، جارێکی دیکە بۆی نییە داواکاری پێشکەش بە هیچ بەرنامەیەکی خوێندنی باڵا لە ناوخۆ و دەرەوە بکات.
– ئەگەر کاندید پاشگەزبوەوە یان وازی لە خوێندنەکەی هێنا، ئەوا بڕی ئەو کەفالەیەی بەرامبەر خوێندنەکەی لە کاتی مامەڵەی مۆڵەتی خوێندن بۆ ئەوانەی فەرمانبەرن یان دەرکردنی فەرمانی وەزاری پەیوەندیکردن بە خوێندن بۆ ئەوانەی فەرمانبەر نین پێشکەش دەکرێت، لێیان وەردەگیرێت.
– هەر کاتێک کاندید بەڵگەنامەی نادروست پێشکەش بە لایەنی هەنگاریا یان وەزارەت بکات، ئەوا دەخرێتە لیستی رەش و زەمالەکەی هەڵدەوەشێندرێتەوە.
– دوا مۆڵەت بۆ پێشکەشکردن بریتییە لە (2026/1/15).
– ئەو خوازیارانەی دکتۆرا کە پێشتر بۆ خۆیان قبوڵی خوێندنیان وەرگرتوە یان ڕەزامەندی سەرپەرشتیاریان بەدەستهێناوە، هەلی وەرگرتنیان لەم سکۆلەرشیپە زیاترە.
– پێشکەشکردن راستەوخۆ تەنیا لە رێگەی ماڵپەری سەرەکی زەمالەکە (هەنگاریا) دەبێت.
بۆ زانیاری زیاتر و پێشکەشکردن، سەردانی ئەم لینکە بکەن: www.stipendiumhungaricum.hu
لەبەر ئەوەی پێشکەشکردن راستەوخۆ لەرێگەی ماڵپەری زەمالەکەیە، تا دەرچونی ئەنجامی بەرایی، وەزارەت هیچ فایلی لەبەردەست نییە تا کاری لەسەر بکات، بۆیە تا دەرچونی ئەنجامی زەمالەکە لە رێگەی ماڵپەری وەزارەتەکەمان، بە هیچ شێوەیەک سەردانی وەزارەت مەکەن.
بۆ زانیاری تەنها ئەو زانکۆ و پسپۆڕییانەی کە لە سیستەمەکە بۆ فێرخوازانی هەرێمی کوردستان کراوەیە، دەکرێت داواکاری پێشکەش بکرێت.
خشتەی بەراوردکاری زمانى ئینگلیزى؛https://drive.google.com/file/d/1NYPglCO0D-Xi22vo9s0zAPyB9ELQ0Jfz/view?fbclid=IwY2xjawOO3MlleHRuA2FlbQIxMABicmlkETFUR2VibGVXT2x3WHFHeVh3c3J0YwZhcHBfaWQQMjIyMDM5MTc4ODIwMDg5MgABHjy64oAs4pAbeGPqZ0u1WXivA6Eo-69aS1k67KIFj_bn8ZYFVPId_NKwPnPH_aem_4h-dEn1A8Q1IJgu9KYVMJQ