"سواڵی بە خوشکەکەی کردووە و لەسەر شەقام جێیهێشتووە"
سكاڵا لەسەر برای خاوەن پێداویستییەکی تایبەت تۆمار دەکرێت
964+
ژێوار خدر
بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی دهۆك سكاڵای یاسایی لەسەر برای کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەت تۆماردەكەن، بەهۆی ئەوەی پارەی تایبەتیی پارێزگاری بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكارهێناوە و خوشكەكەی بەجێهێشتووە دوای ئەوەی لە نەخۆشخانە دەری هێناوە.
بەڕێوەبەرایەتییەكە بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، سەرەتا چارەسەری و موچەیان بۆ کچەکە دابین كردووە، دواتر بە فەرمانی پارێزگاری دهۆك د. عەلی تەتەر، چارەسەری تەواوی پزیشكی و دەروونی بۆ كراوە و بۆ ماوەی دوو مانگ لە نەخۆشخانە ماوەتەوە، پارێزگار مانگانە بڕی یەك ملیۆن دیناری لە مووچەی تایبەتی خۆی بۆ چاودێری کردنی خەرج کردووە و هاوكاری مادی برای کچەکەشی کردووە لەپێناو خزمەتکردنی خوشکەکەی، بەڵام براكەی پارەكەی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكارهێناوە و خوشكەکەی بۆ سواڵكردن بەكارهێناوە، کچەکە تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە و خراوەتە نەخۆشخانە، براكەی لە نەخۆشخانە دەریهێناوە و بەجێی هێشتووە.
بەڕێوەبەرایەتییەكە جەختیکردووەتەوە، سكاڵای یاسایی لەسەر براكەی تۆمار دەكەن و پارێزگاری دهۆكیش بەردەوام دەبێت لە دابینكردنی پێداویستییەكانی کچەکە.