وەزارەتی تەندروستی - وێنە: 964
بڕیاری وەزارەتی تەندروستییە
بۆ ئاگرەکەی گوێر لیژنە پێکهێنراو و گومانی ساختەکردنی دەرمان هەیە
964+
ئەحمەد مستەفا
رووداوەکەی شەوی رابردوو وە سووتانی سێ کۆگای دەرمان لە گوێر، بوو بەهۆکاری ئەوەی وەزارەتی تەندروستی بڕیاربدات بە دانانی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە بوونی ئەو ستیکەرانەی کە هەڵگیراون و بەکارنەهێنراون، دەشڵێ، “دواتر ئەنجامەکان بە ڕاست و دروستی دەردەکەوێت”.
لەسەر رێگای هەولێر – گوێر درەنگانی شەوی رابردوو سێ كۆگای دەرمان ئاگریان گرت، وتەبێژی بەرگریی شارستانییش ئەوکات، كۆگاكان هیچ مەرجێكی سەلامەتیی بەرگریی شارستانییان تێدا نەبووە.
لە روونکردنەوەیەکدا وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ئەمشەو 19.11.2025 دەڵێت، “لەمیانی پیشاندانی سووتانی کۆگاکانی دەرمان لەلایەن راگەیاندنەکانەوە چەند بڕێکی ستیکەری کۆنی رەتکراوە دەردەکەوێت، کە گوایە بوونی ئەم ستیکەرانە کارێکی نایاسایی و ناڕێنماییە”.
سێ کۆگای ئالیک لە هەولێر سووتان
لەبارەی بوونی ئەو ستیکەرانە وەزارەت روونی دەکاتەوە، ستیکەری نوێی دەرمان بە سیستەمی نوێی دژەساختە دەدرێت بە کۆمپانیای هاوردەکار تاوەکو بخرێتە سەر دەرمان و بابەتە پزیشکییەکان پێش دەرچوونی لە کۆگا بۆ ناو بازاڕەکانی کوردستان و عێراق کە ئاساییە ئەگەر پڕۆسەکە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان بێت.
لەبارەی ئەگەری بوونی دەرمانی بەسەرچوو، باسی لەوەکردووە، “رێکاری یاسایی بەرانبەر وەردەگیرێت ئەگەر ئەم بڕەی ستیکەری کۆنی رەتکراوەی هەڵگیراو بەفەرمی وەرنەگیرابێت لەلایەن یەکەی کۆنتڕۆڵی دەرمان، یان گومان لەسەر پڕۆسەکە هەبێت وە یان تەواوی ستیکەر و دەرمانەکان تۆمارکراوی فەرمی نەبێت”.
ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی لەسەر سووتانی سێ کۆگای دەرمانی کەرتی تایبەت لەشاری هەولێر.
وێڕای دڵگرانیمان بۆ سووتانی چەند کۆگایەکی کەرتی تایبەت بۆ هەڵگرتنی دەرمانی تایبەت بە کۆمپانیایەکی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لەشاری هەولێر، ئومێدەواری کەمترین زیانی ماددیی هەبێت و خۆشبەختانە زیانی گیانیی نەبووە.
ئەمڕۆ هەردوو تیمەکانی چاودێریکردن و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتیمان و تیمەکانی پشکینی وەزارەتی تەندروستی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، لەمیانی پیشاندانی سووتانی کۆگاکانی دەرمان لەلایەن ڕاگەیاندنەکانەوە چەند بڕێکی ستیکەری کۆنی ڕەتکراوە دەردەکەوێت کە گوایە بوونی ئەم ستیکەرانە کارێکی نایاسایی و ناڕێنماییە.
بۆ ئەم مەبەستەش، بۆ هاوڵاتییان و بۆ ڕای گشتی ڕووندەکەینەوە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان KMCA دوای تەواو بوونی پڕۆسەکانی کوالیتی و پشکنین و پێدانی مۆڵەتی بەکارهێنان بە بەرهەمه تۆمارکراو و پشکنراوەکان، ستیکەری نوێی دەرمان بە سیستەمی نوێی دژەساختە دەدرێت بە کۆمپانیای هاوردەکار تاوەکو بخرێتە سەر دەرمان و بابەتە پزیشکییەکان پێش دەرچوونی لە کۆگا بۆ ناو بازاڕەکانی کوردستان و عێراق کە ئاساییە ئەگەر پڕۆسەکە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان بێت تاڕادەی جیاکردنەوە، هەڵگرتن و لابردنی بڕەکانی دەرمانی ئێکسپایەر و بەسەرچوو، لەهەر پابەندنەبوونێکی هەر کۆمپانیایەک بەم پڕۆسەیە لەسەر بەرهەمەکانیان، ڕێکاری یاسایی بەرانبەر وەردەگیرێت ئەگەر ئەم بڕەی ستیکەری کۆنی ڕەتکراوەی هەڵگیراو بەفەرمی وەرنەگیرابێت یان گومان لەسەر پڕۆسەکە هەبێت وەیان تەواوی ستیکەر و دەرمانەکان تۆمارکراوی فەرمی نەبێت. بەمەش وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا بە دانانی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە بوونی ئەو ستیکەرانەی کە هەڵگیراون و بەکارنەهێنراون، دواتر ئەنجامەکان بە ڕاست و دروستی دەردەکەوێت.
بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی KMCA
٢٠٢٥/١١/١٩