سەریان لەسەر نەماوە و پاککردنەوەیان زەحمەت بووە
بەشێک لە مەنهۆڵەکانی کوچە و شەقامەکانی سلێمانی پڕبوون لە زبڵ و خاشاک
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
بەشێک لە مەنهۆڵەکانی کوچە و شەقامەکانی سلێمانی، سەریان لەسەر نەماوە و براون، هەر بەوهۆیەشەوە، دوای بارانبارین مەنهۆڵەکان پڕبوون لە زبڵ و خاشاک و کاری تیمەکانی شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆی زەحمەت کردووە.
شەوی رابردوو بەهۆی ئەو تەرزە و بارانە بەخوڕەی رووی لە سلێمانی کرد، لە چەند شوێنێک ئاو پەنگی خواردەوە و گرفتی هاتوچۆشی دروست کرد، هەرزوو تیمەکانی شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ کەوتنەخۆ و دەستیان بە پاککردنەوەی شەقام و مەنهۆڵەکان کرد و تا ئێستاش بەردەوامن.
رەفیق حەمەئەمین کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی سلێمانی بە 964ـی وت، “پێشتر سەرەمەنهۆڵەکان براون و بێ سەر ماونەتەوە، بۆیە پڕبوون لە خۆڵ و خاشاک و هەندێکیشیان لەتە بلۆک و گاعی سەیارە و شتی سەیر و سەمەرەیان تێدایە”.
باسی لەوەشکرد، تا پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەر تیمەکەی ئەوان پێنج مەنهۆڵیان پاک کردووەتەوە و تا یەک دانەش مابێت، بەردەوام دەبن و هەموویان خاوێن دەکەنەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری